راچڵەكین -
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەدات كە دوێنێ بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی، دانیشتنەكە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، كاتژمێر 8ی ئێوارە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەك، بەگوێرەی ئەو كارنامەیەی كە لەلایەن فەرمانگەی كاروباری پەرلەمانیی بڵاوكراوەتەوە، لە بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكەدا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەكرێت، كە لەلایەن هەردوو لیژنەی (یاسایی) و (هەرێمەكان و پارێزگاكانی نارێكخراو لە چوارچێوەی هەرێم) ئامادەكراوە.
پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، كە چەند جارێكە دەخرێتە ناو بەرنامەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەهۆی بوونی ناكۆكی، دەنگی لەسەر نادرێت، دوێنێش ئەو پڕۆژەیاسایە خرایە ناو بەرنامەی دانیشتنەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی، دانیشتنەكەی دواخرا.
