عیراق بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی كەركوك زیاد دەكات

عێراق

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 144

راچڵەكین -

وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای (BP)ی بەریتانی گرێبەستی پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتییان لە كەركوك واژۆكرد كە ئامانج لێی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان و پتەوكردنی یەدەگی وزەی هایدرۆكاربۆنییە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، بە چاودێری محەمەد شیاع سودانی، هەریك لە وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای (BP)ی بەریتانی، گرێبەستێكیان واژۆكرد بەمەبەستی پەرەپێدان و زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوتی كەركوك لە كێڵگەكانی ئاڤانا، بای حەسەن، جەمبور و خەبازە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بەگوێرەی گرێبەستەكە، كۆمپانیا بەریتانییەكە پابەند دەبێت بە پەرەپێدان و گەشەپێدانی ئەو چوار كێڵگە نەوتییە بەمەبەستی پتەوكردنی یەدەگی سامانی هایدرۆكاربۆنی و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 420 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، هەروەها فراوانكردنی دامەزراوەكانی كۆمپانیای غازی باكوور بۆ بەرهەمهێنانی 400 ملیۆن پێ سێجا غاز لە رۆژێكدا، جگە لە دامەزراندنی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بە توانای 400 مێگاوات.

نوسینگەی راگەیاندنی سودانی ئاماژەی بەوەشكردووە، پرۆژەكە دەبێتە هۆی راگرتنی سوتاندنی ئەو غازەی لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوت دەردەدرێت لەڕێگەی بەكارهێنانی بەشێوەیەكی سوودبەخش و بەدەستهێنانی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن