ژمارەی قوربانیانی ئاگری دارستانەكانی كۆریای باشوور بەرزدەبێتەوە

جیهان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 163

راچڵەكین -

ژمارەی قوربانیانی ئەو ئاگرە فراوانەی كە ماوەی چەند رۆژێكە دارستانەكانی كۆریای باشووری گرتووتەوە، بۆ 24 كەس بەرزبووەوە، سوپای ئەو وڵاتەش هەزاران سەربازی بۆ كۆنترۆلچكردنی ئاگرەكە خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

میدیاكانی كۆریای باشوور بڵاویانكردەوە، تائێستا نەتوانراوە ئەو ئاگرە كۆنترۆڵ بكرێت كە لەرۆژی هەینی رابردووەوە دارستانەكانی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی گرتووتەوەو بەهۆی خێرایی با، تادێت زیاتر تەشەنە دەكات و ناوچەكانی دیەش دەگرێتەوە.

بەهۆی ئاگرەكەوە تائێستا 24 كەس گیانیان لەدەستداوەو پەرستگایەكی مێژووییش كە دەكەوێتە ناوچەی دارستانەكان، بەتەواوەتی خاپوور بووە، بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی یونهاب-ی كۆریای باشوور، 17 هەزار هێكتار رووبەری دارستانە چڕەكان لەناوچوون و سەدان باڵەخانەش سووتاون، هاوكات سوپای ئەو وڵاتەش خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی و پێنج هەزار سەرباز و 146 هێلیكۆپتەر سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەن، كە هێلیكۆپتەرێك لەكاتی بەشداریكردنی لە هەوڵەكانی خامۆشكردنی ئاگرەكە، تێكشكاو فڕۆكەوانەكەی گیانی لەدەستدا.

لەیەكەم لێدوانیشدا، هان دوك سو، سەرۆكی كاتیی كۆریای باشوور، ئاگری دارستانەكانی بە خراپترین رووداوی ئاگركەوتنەوە لە وڵاتەكەی وەسفكرد و رایگەیاند: هەموو هەوڵێك دەدەین لەپێناو بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەكە.

وەك هاوكارییەكیش بۆ حكومەتی سیئۆل، هەریەك لە كۆمپانیای سامسۆنگ بڕی دوو ملیۆن دۆلار و كۆمپانیای هیوندای بڕی یەك ملیۆن و 350 هەزار دۆلاریان پێشكەش كرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن