راچڵەكین-
داواكاری گشتی سلێمانی لەبارەی رووماڵكردنی هەواڵی كوشتن و چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری قوربانیان، هۆشداری بەسەرجەم كەناڵە میدیاییەكان دەدات و دەڵێت، رێكاری یاسایی لەدژیان دەگرنەبەر.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئاداری 2025 فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی، نووسراوێكی لەبارەی رووماڵكردنی هەواڵی كوشتن لەلایەن كەناڵەكانی راگەیاندن ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی كردووە و تیایدا هاتووە، رووماڵكردنی هەواڵ و زانیاری سەبارەت بەهەر رووداوو تاوانێك بەتایبەت كوشتن، لەلایەن كەناڵەكانی راگەیاندن كە دەكرێتە هەواڵی بەپەلەو زانیاری بێ بنەماو ناراست بڵاودەكەنەوە، لەكاتێكدا دادگاو لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوەن، پیچەوانەی یاساو رێنماییە كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان و ئیتیكی كاری رۆژناگەری و میدیاییە.
لەبەشێ:ی تری نووسراوەكەدا هاتووە، چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری كوژراوەكان جگە لەوەی بە" تاوان" ئەژمار دەكرێت، لەهەمان كاتدا كاریگەری راستەوخۆی دەبێت دەروونی تاكی كۆمەڵگە بەتایبەتی هەرزەكاران.
لەكۆتایی نووسراوەكەدا، داواكاری گشتی سلێمانی داوا دەكات سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن ( میدیا بینراوو بیستراوەكان) پابەند بكرێن كە خۆیان بەدووربگرن لەڕووماڵكردنی ئەو جۆرە هەواڵانە، بەپێچەوانەوە داواكاری گشتی رێكاری یاسایی دژ بەهەر كەناڵ و میدیایەك دەگرێتە بەر كە ئەو سەرپێچییە ئەنجامبدات.