راچڵەكین-
شاری كەركوك هەشتەمی دووەمین دیداری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەخۆدەگرێت و تیایدا گفتوگۆ لەسەر روانگە و سیاسەتی لەمەودوای یەكێتی دەكرێت.
سكرتاریەتی دیداری یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە: "ئەمڕۆ 26-3-2025 كۆنفرانسی هەشتەمی دووەمین دیدار لە كەركوكی قودسی كوردستانە و هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری شایەتی گفتوگۆی هەڤاڵانی كەركوك- سەڵاحەدین دەبێت لەسەر باشترین سیاسەت بۆ كەركوك و كوردستان و عیراق و چاكترین رێوشوێنی یەكێتیانەش بۆ سەرخستنی ئامانجەكانی حزبی شەهیدان".
سەرجەم ئەم كۆنفرانسانە لە چوارچێوەی ئامادەكاریدان بۆ دیداری فراوان بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی پێنجەم، دیداری یەكێتی چالاكییەكی رەسمیی دەورییە و بەشێكە لە وێستگەكانی خەباتی فراوانی هەڤاڵانە، یەكەم دیداری یەكێتی بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لە بەرواری 12-3-2022 دەستپێكرد و لە31-5-2022 كۆتایی بەكارەكانی هێنا و سیاسەتەكانی یەكێتی لە بوارە جیاجیاكاندا داڕشت و بووە بنەمایەك بۆ سیاسەتی گشتی یەكێتی.