هۆكاری دەركەوتنی گێژەڵووكە شینەكەی ئاسمانی ئەوروپا ئاشكرا دەبێت

هەمەڕەنگ

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 576

راچڵەكین -

دەركەوتنی گێژەڵووكەیەكی شین بۆماوەی چەند خولەكێك لە ئاسمانی ئەوروپا ترس و دڵەڕاوكێ دەخاتە ناو دڵی هاووڵاتیانی چەند وڵاتێكی ئەو كیشوەرە.

رۆژنامەی ئیندبێندنت بڵاویكردەوە، ئەمشەو گێژەڵوكەیەكی شین بۆ ماوەی 10 خولەك لە ئاسمانی بەریتانیا و كرواتیا و پۆڵەندا و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا دەركەوت و پاشان دیارنەما.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم دیاردە ئاسمانییە ترس و دڵەڕاوكێی خستە دڵی هاووڵاتیانەوە، بەو پێیەی یەكەم جارە دیمەنێكی لەو جۆرە لە ئاسمانی وڵاتەكانیان ببینن.

لەوبارەیەوە، فەرمانگەی كەشناسی بەریتانیا بڵاویكردەوە، دەركەوتنی ئەو گێژەڵوكە شینە لەئەنجامی دەردانی وزەی بەستوو بووە لە مووشەكی (فالكۆن 9)، كە كۆمپانیای سپێس ئێكس رەوانەی بۆشایی ئاسمانی كردبوو، مووشەكەكە بەر لەوەی لەسەر زەوی بنیشێتەوە، لە بۆشایی ئاسماندا وزەكەی فڕێدەدات و بەهۆی كەشوهەوای ساردی بەرگەهەواوە، وزەكە لە ئاسماندا دەیبەستێت و دەبێتە پەڵەهەور، پاشان بەهۆی بەركەوتنی تیشكی خۆرەوە لەشێوەی گێژەڵوكەی شین دەردەكەوێت.

 بە وتەی لۆرد دوڤیر، كە گەورە تەكنیككاری روانگەی بای فۆردبری-یە لە زانكۆی هیرتفوردشایر، مووشەكی (فالكۆن 9)، بەر لە گەڕانەوەی بۆ سەر زەوی، لە بەرگەهەوای سەرەوە سووتەمەنییەكەی فڕێدەدات بۆئەوەی كێشی كەمببێتەوە، بەمەش هەورێكی بازنەیی دروستدەكات، كە لەسەر زەریای ئەتڵەسی لەشێوەی گێژەڵوكەیەكی زەبەلاح دەردەكەوێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن