عیراق هاوكاری پێشكەشی بریندارانی كەرتی غەززە دەكات

عێراق

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 152

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەچوارچێوەی هاوكاریكدرنی فەلەستین، بڕیاریدا دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ ئەو بریندارانەی كەرتی غەززە رەوانە بكات كە لە نەخۆشخانەكانی میسر لەژێر چارەسەری پزیشكیدان.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەكەدا چەند برشیارێك دران، لەوانە گەیاندنی دەرمان و كەرەستەی پزیشكی بۆ بریندارانی كەرتی غەززە كە بەمەبەستی چارەسەر، رەوانەی نەخۆشخانەكانی وڵاتی میسر كراون.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق وزارەتی دەرەوەشی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی فەلەستین لە بەغدا، لە رەوشی تەندروستی ئەو بریندارانەی كەرتی غەززە بكۆڵێتەوە، كە هێنراونەتە نەخۆشخانەكانی عیراق.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ژمارەیەك برینداری كەرتی غەززە هێنراونەتە عیراق بەمەبەستی چارەسەركردن، بەڵام ژمارەكەیان ئاشكرا نەكراوە.

بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023ەوە تائێستا، نزیكەی 49 هەزار كەس كوژراون و ژمارەی بریندارانیش بۆ زیاتر لە 113 كەس بەرزبووەتەوە، ژمارەیەك لەو بریندارانەش بەمەبەستی چارەسەر، رەوانەی وڵاتانی تر كراون. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن