ئێران: ئامادەین بەم مەرجە دانووستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا ئەنجامبدەین

جیهان

5 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 316


راچڵەكین-

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەكەی ئامادەیە دانووستانی ناڕاستەوخۆ  لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئەمریكا ئەنجامبدات، بەو مەرجەی لەژێر هیچ فشارو هەڕەشەیەكدا نەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئاداری 2025 عەباس عیراقچی رایگەیاند:" رێگا لەبەردەم دانووستانی ناڕاستەوخۆ واڵایە" لەهەمان كاتدا رەتیكردەوە تاران بچێتە ژێرباری دانووستانی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن تائەو كاتەی هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر ئێران گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

عیراقچی ووتی، ئەو لێدوان و تۆمەتانەی رۆژانە ئاڕستەیان دەكرێت، نابنە هۆكارێك بۆ ئەوەی دانووستانی راستەوخۆ ئەنجامبدەین.

پێشتر ستیڤ ویتكۆڤ، نێردەی ئەمریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندبوو، نامەكەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بۆ ئەنجامدانی رێكەوتنێكی نوێ لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە، هەوڵێكە بۆ خۆ لادان لەكردەی سەربازی:" پێویست ناكات هەموو كێشەیەك بەرێگای سەربازی چارەسەر بكرێت."

وتیشی:" پەیامەكەمان بۆ ئێران ئەوەیە، باپێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین، بزانین لەرێی وتووێژو دانووستانەوە چیمان پێدەكرێت، ئێمە ئامادەین بۆ ئەو كارە، ئەگەر بێتو ئەو هەنگاوەش سەرنەگرێ ئەوا بژاردەكانی تر باش نابن."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن