ڕاچڵەکین سپۆرت -
ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول داهاتووی خۆی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە یەکلایی کردەوە، بڕیارە لە کۆتایی وەرزی ئێستادا گرێبەستەکەی کۆتایی پێبێت و تا ئێستاش هیچ ڕێکەوتنێکی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە لە شوێنی خۆیدا نییە.
بەگوێرەی چەندین ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی، ئارنۆڵد لە کۆتایی ئەم وەرزە بە گرێبەستێکی بێ بەرامبەر پەیوەندی بە یانەی ڕیال مەدریدەوە دەکات.
لیڤەرپوول لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەند جارێک هەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ ئەوەی ئارنۆڵد ڕازی بکات گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام یاریزانەکە ڕەتیکردەوە، ئەمەش هەواڵەکانی گواستنەوەی بۆ یانەی ڕیال مەدرید بەهێزتر کرد.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، یانەی ڕیال مەدرید تاڕادەیەکی زۆر ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئارنۆڵد تەواو کردووە، تەنها ئیمزاکردنی فەرمی ماوە.
ڕۆژنامەکە دووپاتی کردەوە کە ئەو یاریزانە بە پەرۆشە بۆ چالێنجێکی نوێ لە خولی ئیسپانیا و هیچ گۆڕانکارییەک لە بۆچوونەکەی ناکات، چونکە ڕیال مەدرید وەک جێگرەوەیەکی نایاب بۆ شوێنی کارخال دەیبینێت، هەرچەندە کارڤاخال لە ڕیال مەدرید هێشتا بەردەوامە، بەڵام یانە ئیسپانییەکە بڕیاریداوە گرێبەست لەگەڵ ئارنۆڵد بکات بۆ ئەوەی ڕکابەری زیاتر لەناو تیپەکەدا دروست بکات.