راچڵەكین-
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەكات.
وابڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئاداری 2025 ئەنجوومەنی نوێنەران كۆدبێتەوە بەئمەبەستی ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی كەبە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی هاتووەتە ئەنجوومەنەكە.
پڕۆژەكە لە 18 مادە پێكهاتووە، لە كۆبووونەوەی 25ـی شوباتی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق پەسند كرا.
لەیەكێك لەماددەكانی پرۆژەیاساكەدا هاتووە، پێویستە هێزەكانی سەر بەو دەستەیە ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە ئەنجام بدەن، كە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە پێیان رادەسپێردرێت، هەروەها پێویستە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و دامەزراوەكانی دیكەش هەبێت.
لەماددەیەكی تردا هاتووە، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی پلەی وەزیر دەبێت، هاوكات ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی دەبێت، پێویستە دەسەڵاتی وەزیری بەرگری جێبەجێبكات لە جێبەجێكردنی یاسا سەربازییەكان لەسەر چەكدارەكانی دەستەكە.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە، نابێت كارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی سەر بە هیچ پارتێك یان رێكخراوێكی سیاسی بن؛ نابێت لە هیچ چالاكییەكی حیزبی و سیاسیدا بەشدار بن.