راچڵەكین-
هێزە ئەمنییەكانی توركیا 12 كەسیان بە گومانی تێوەگلانیان لەو ھێرشە چەكدارییە دەستگیركرد كە ڕۆژی 21ی ئادار كرایە سەر كونسوڵخانەی عیراق لەئیستەنبوڵ.
میدیاكانی توركیا بڵاویانكردووەتەوە، تیمەكانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستەنبوڵ بەردەوامن لە لێكۆڵینەوەكانیان لەبارەی ئەو هێرشە چەكدارییەی ڕۆژی 21ی ئەم مانگە لەلایەن دوو كەسی چەكدارەوە كە ماتۆرسكیلیان پێبووە كرایە سەر كونسوڵخانەی عیراق لە ناوچەی شیشلی لە ئیستەنبوڵ.
بەوتەی ئەو میدیایانە، هێزەكانی پۆلیس یەكێك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكە كە تەمەنی 18 ساڵە دوای ئەوەی لەسەر ڕێگای خێرا لە ئیستەنبوڵ تووشی ڕووداوی ھاتوچۆ بووە، دەستگیركردووە، هەروەها لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكاندا، 12 كەس بە گومانی تێوەگلانیان لەو ھێرشە دەستگیركراون.