جومانە غەلای لە(راچڵەكین) وە زانیاری لەبارەی تۆمارى دەنگدەران ئاشكرا دەكات

ڕاپۆرت

5 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 182


راچڵەكین-

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرای دەكات، رۆژی سێشەممە 25ی ئاداری 2025 پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆمار دەنگدەران دەستپێدەكەن و ماوەی مانگێك دەخایەنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئاداری 2025 جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە (راچڵەكین)ی راگەیاند، ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیاریدا لەرۆژی سێشەممە 25ی ئاداری 2025 بۆ ماوەی مانگێك، پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆمار دەنگدەران دەستپێبكرێت كە بریتی دەبێت لە تۆماركردنی ناوی نوێ، چاككردنەوە، گۆڕینی شوێنی دەنگدان، سڕینەوە، تۆماركردنی ئاوارەكان و هێزە ئەمنییەكان. 

غەلای وتیشی، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەزارو 79 وێستگەی لەسەرانسەری عیراق تەرخانكردنەوە بۆ ئەو دەنگدەرانەی ئاماژەیان پێكرا بەمەبەستی نوێكردنەوە یان خۆتۆماركردن.

وتەبێژی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئەوەی روونكردەوە، ئەو كەسانەی بەنیازن تۆمارەكانیان نوێ بكەنەوە پێویستە لەكاتی سەردانیكردنی بنكەكانی كۆمسیۆن كارتی بایۆمەتری پێشوو، كارتی نیشتمانی یاخود ( تۆماری ئەلیكترۆنی) ئەگەر هاتوو كارتی نیشتمانییەكەی تەواو نەكرابوو ، ئەگەر دەنگدەر كارتی نیشتمانی نەبوو ئەوا پێویستە ناسنامەی باری شارستانی و رگەزنامەی عیراقی لەگەڵ فۆڕمی خۆراك و كارتی زانیاری پێبێت، بۆ حاڵەتەكانی سڕینەوەی ناوی دەنگدەریش پێویستە كەسوكاری مردووەكە دابەشنامەی شەرعی و وەفاتنامەیان پێبێت.

"ئەو كەسانەشی یەكەم جارە ناویان تۆمار دەكەن ئەگەر هاتوو فۆرمی خۆراكیان نەبوو ئەوا پێویستە كارتی نیشتمانی یەكگرتوو لەگەڵ كارتی زانیاریان پێبێت، ئەگەر فۆرمی خۆراكیشیان هەبوو پێویستە فۆرمەكەو كارتی نیشتمانیان پێ بێت." جومانە غەلای وادەڵیت.

بەرپرسەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەبارەی ئەو كەسانەی بەنیازی گۆڕینی شوێنی دەنگدانن بە ( راچڵەكین)ی راگەیاند، ئەگەر هاتوو گۆڕینی شوێنی دەنگدان لەناو شاردا بوو، پێویستە داواكار بەڵگەنامەكانی وەك ( كارتی نیشتمانی (یاخود تۆماری ئەلیكترۆنی) پێبێت ئەگەر كارتی نیشتمانی نەبوو پێویستە ( ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عیراقی) پێبێت، هاوكات دەبێت فۆڕمی خۆراكی ساڵانی 2020-2021 ی پێ بێت ئەگەر فۆڕمی نەبوو ئەوا پێویستە كارتی زانیاری پێبێت.

وتیشی، ئەو كەسانەی شوێنی دەنگدانیان لەشارێكەوە بۆ شارێكی تر دەگۆڕن پێویستە، كارتی نیشتمانی یاخود ( تۆماری ئەلیكترۆنی) پێبێت ئەگەر كارتی نیشتمانی نەبوو پێویستە ( ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عیراقی) پێبێت، هاوكات دەبێت فۆڕمی خۆراكی ساڵانی 2020-2021 ی پێ بێت كە شوێنی نیشتەجێبوونی نوێی بسەلمێنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن