راچڵەكین -
دەیان كەسی دانیشتووی كەرتی غەززە بەرەو ئەوروپا كۆچ دەكەن، حكومەتی ئیسرائیلیش رایدەگەیەنێت، ئەوپەڕی ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتییانی نیشتەجێی كەرتی غەززە دەكەن بەمەبەستی كۆچكردن بۆ وڵاتانی تر.
رۆژنامەی جیروزالیم پۆست-ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، دوێنێ یەكشەممە 70 هاووڵاتی نیشتەجێی كەرتی غەززە كە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی ئەوروپان، لەڕێگەی فڕۆكەخانەی رامون-ی باشووری ئیسرائیلەوە بەرەو ئەوروپا كۆچیان كرد.
رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، فەلەستینییەكان بە فڕۆكەیەكی سەربازیی سوپای رۆمانیاوە گەشتیان كردووە، بەڵام نازانرێت روویان لە چ وڵاتێكی ئەوروپا كردووە.
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە ئەوپەڕی ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتیانی فەلەستینی دەكەن كە بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە دەیانەوێ كەرتی غەززە جێبهێڵن و روو لە وڵاتانی تر بكەن.
كۆچكردنی ئەو هاووڵاتییانەی كەرتی غەززە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی لەشكركێشییەكی گەورەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە، بەئامانجی داگیركردنی بەشێك لە خاكی ئەو ناوچەیە و لكاندنی بە خاكی ئیسرائیلەوە.
پێشتریش، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی بەهەموو شێوەیەك كاردەكات بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ چۆڵكردنی كەرتی غەززە لە دانیشتووانەكەی و كۆچپێكردنیان بۆ وڵاتانی تر، بۆ ئەو مەبەستەش دەستپێشخەرییەكی راگەیاندووە بۆ هاوكاریكردنی هەر كەسێكی دانیشتووی غەززە كە بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە كۆچبكات بۆ وڵاتێكی تر.