راچڵەكین -
هێزەكای سووریای دیموكرات لەچەند ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دەیان چەكداری داعشیان دەستگیركرد، كە یەكێك لە دەستگیركراوەكان فەرماندەیەكی باڵای گروپە تیرۆریستییەكەیە.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەرەتای ئەم مانگەوە تائێستا، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بۆ كێوماڵكردنی ناوچەكانی حەسەكە، رەققە و گوندەوارەكانی دێرەزوور ئەنجامداوە، كە ئامانج لێی پاككردنەوەی ئەو ناوچانەیە لە تیرۆریستانی داعش.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەمیانی ئۆپەراسیۆنەكاندا، دەیان چەكداری داعش دەستگیركراون، كە ژمارەیەكیان فەرماندەی گروپەكەن، لەوانەش خالید عوبێد ناسراو بە ئەبی عومەر، كە بەرپرسی دابەشكردنی چەك و تەقەمەنیی داعشە لە گوندەواری دێرەزوور، لەگەڵ ئەبوسوهەیب عەدنانی، كە ناوبراو ئەمیری داعشە لە رۆژئاوای شاری رەققە.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكردووە، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكاندا، هێزەكانی هەسەدە لەچەند ناوچەیەك بە فڕۆكەی هێلیكپتەرەوە دابەزیون و دوای گەمارۆدانی ئەو شوێنانەی كە چەكدارانی داعشی لێبووە، بەبێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەك سەرجەمیان دەستگیركردوون.
ئۆپەراسیۆنەكان لەكاتێكدایە ماوەیەكە جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لەناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هەسەدە لە زیادبووندایە.