ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ
راچڵەكین -
دوای ئەوەی بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ بەشێوەیەكی كاتی لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، ویلایەتی ئیستانبوڵ وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی بریكاری سەرۆكی شارەوانی دیاری دەكات.
ئەمڕۆ یەكشەممە، ویلایەتی ئیستانبوڵ هەریەك لە ئەنجومەنی گەورە شارەوانی ئیستابوڵ و شارەوانی ناوچەی بیلیك دوزو-ی ئاگاداركردەوە بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە كۆببنەوە بەمەبەستی هەڵبژاردنی بریكاری سەرۆكی هەردوو شارەوانییەكە.
ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و موراد چالیك، سەرۆكی شارەوانی بیلیك دوزو، كە هەردووكیان سەر بە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)ن و بەتۆمەتی گەندەڵی و هاوكاریكردنی تیرۆر، دوای دەستگیركراون رەوانەی بەردەم دادگا كراون بەمەبەستی دادگاییكردنیان، بە بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی توركیا، لە پۆستەكانیان دوورخرانەوە، بڕیارەكەش بەشێوەیەكی كاتییە تا ئەوكاتەی پرۆسەی دادگاییكردنەكەیان تەواو دەبێت لەئەگەری سەلماندنی تۆمەتەكانیان و دادگاییكردنیان، بە فەرمی لە پۆستەكانیان لادەبرێن.
لەرۆژی چوارشەممە رابردووەوە دوای دەركردنی بڕیاری دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو و دەیان بەرپرس و كەسایەتی دیكەی جەهەپە، لایەنگرانی ئەو حزبە خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەرییان لە ئیستانبوڵ و ئەنكەرەو شارە گەورەكانی دیكەی توركیا دەستپێكردووەو تائێستاش بەردەوامە، بەگوێەی زانیارییەكانیش هێزەكانی پۆلیس سەدان كەسیان لە خۆپیشاندەران دەستگیركردووە.