راچڵەكین-
فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بەغداد، ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە، ئەو كرێكارە سوریانەی لەچێشتخانەكانی عیراق كار دەكەن، هەوڵیاندابێت لەیەك كاتداو بۆ تێكدانی دۆخی ئەمنی، ئەو خواردنانە ژەهراوی بكەن كە ئامادەكراوە بدرێت بەهاوڵاتیان.
فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بەغداد، ئەمڕۆ 23ی ئاداری 2025 ئەو بەڵگنامەیەی رەتكردەوە كە لەبەشێك لە میدیاكاندا بڵاوكراوەتەوە لەبارەی هەبوونی پلانێكی لەو جۆرە لەلایەن كرێكارە سورییەكانەوە، كە ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ دەستگیركردنی 738 كرێكارو كەسی بیانیدا بەهۆی سەرپێچیكردن لەمەرجەكانی مانەوە لەبەغدادی پایتەخت.
وەك لەراگەیەندراوەكەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكاندا هاتووە، ئەو هەواڵە سەر لەبەری دوورە لەڕاستییەوە و ئەوەی بڵاوكراوەتەوە تەنها دەنگۆیە.
بەشێك لەسەكۆ كۆمەڵایەتیی و میدیاكانی عیراق بەڵگەنامەیەكیان بەناوی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی عیراق بڵاوكردووەتەوە كە تیایدا ئاماژەكراوە بە بوونی پلانی كرێكارانی سوری بۆ ژەهراویكردنی ئەو خواردنانەی لەچێشتخانەكان ئامادەكراوە بۆ هاوڵاتیانی عیراقی تا دۆخی ئەمنی بشێوێنن.