ناوەڕۆكی پەیامێكی ئێران بۆ گروپە چەكدارەكانی عیراق ئاشكرا دەبێـت

جیهان

6 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 630


راچڵەكین-

ناوەڕۆكی پەیامێكی ئێران بۆ سەرانی گروپە چەكدارییەكانی عیراق لەبارەی ئەمریكاو ئیسرائیلەوە ئاشكرا دەبێت.

ماوەی چەند هەفتەیەكە، چالاكی گروپە چەكدارییە عیراقییەكانی نزیك لەئێران، دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەعیراق بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردووەتەوە.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لەزاری چەند سەرچاوەیەكەو بڵاویكردووەتەوە، لەسەردانەكەی ئەمدواییەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سەر بەسوپای پاسداران، پەیامی سەرانی ئێرانی گەیاندووەتە گروپە چەكدارەكان تا خۆیان لە وروژاندنی ئیسرائیل و ئەمریكا بەدوور بگرن و دیاردەی چەكداری كەمبكەنەوە.

لەپەیامەكەی تاران بۆ گروپە چەكدارەكان ئەوەیان بۆ روونكراوەتەوە، هەر كردەیەك كە ببێتە هۆی وروژاندنی ئەمریكا، پریشكی ئەو ئاگرەی ئێستا لەدژی دامەزراوەكانی حوسییەكان هەڵگیرساوە، بەزووترین كات دەگاتە عیراق و گروپەكان.

شەرقولئەوسەت، ئەوەی روونكردووەتەوە:" سەركردەی ئەو گروپە چەكدارانە دوای پەیامەكەی تاران، هەستیان بەجۆرێك لەئاسودەیی كردووە، بەهۆی ئەو فشارانەی لەماوەی رابردوودا كەوتووەتە سەریان، لەلایەك دەستبەداری چالاكییەكانیان ببن لەلایەكی تریش هەرەشەی هێرشكردنە سەریان."

بەبڕوای چاودێران، تاران گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەگەر هاتو گروپە چەكدارەكان هەر كاردانەوەیەكیان دژ بەئەمریكا هەبێت لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی بۆسەر حوسییەكان ئەنجامیان دەدات، ئەوا واشنتۆن بێ دوودڵی هێرش دەكاتە سەر چەند ئامانجێك لەناو عیراقدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن