ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئارسیناڵ بەر لە یاریی چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ڕیال مەدرید لە مانگی نیسانی داهاتوودا تووشی ڤایرۆسی فیفا بووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە پشووی نێودەوڵەتیی ئێستادا یەکێک لە یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی دووچاری پێکانبوو.
ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردەوە، ڕیکاردۆ کالافیۆری ئیتاڵی لەکاتی یاریکردنی بۆ هەڵبژاردەکەی تووشی پێکان بووە و لە یارییەکەی داهاتووی ئازۆری بەرامبەر ئەڵمانیا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بەشداری ناکات.
یاریزانەکە لە یاری چوون بەرامبەر ئەڵمانیا لە یاریگای سان سیرۆ تووشی پێکان بووە، لە کۆتا خولەکەکانی یارییەکەدا بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی خراپ لەسەر قاچەکانی کەوت و زیانی بە ئەژنۆی چەپی گەیاندووە، ناچار بووە یاریگا بەجێبهێڵێت.
یاریزانەکە پشکنینی پزیشکی بۆ ئەژنۆی ئەنجامدا، هەروەها فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا ئامادەنەبوونی لە یارییەکەی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا ڕاگەیاند و لە پێکهاتەکەی دووریخستەوە.
بڕیارە یاریزانەکە لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ لەندەن پشکنینی پزیشکی زیاتری بۆ بکرێت، هەرچەندە مەزەندە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم بۆ ماوەی مانگێک لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕەنگە یاریزانەکە نەتوانێت لە یاریی چوون بەرامبەر ڕیال مەدرید لە 8ی نیساندا بەشداری بکات، بەڵام ڕەنگە لە 16ی نیسان بۆ یاریی گەڕانەوە ئامادە بێت.