ڕاچڵەکین سپۆرت -
هەرچەندە نزیکەی دە ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر سەرکەوتنی ڕیال مەدرید بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لەسەر حیسابی دراوسێکەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، لە یارییەکدا کە بە لێدانی یەکلاکەرەوەیەکی مشتومڕاوی جولیان ئەلڤارێز لە لایەن مارچینیاک ناوبژیوانی پۆڵەندی رەتکرایەوە، بەڵام مشتومڕ لە نێو ڕۆژنامەکانی ئیسپانیا هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، لە سەرچاوەکانی خۆیەوە پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەیەک یاریزانی ڕیال مەدرید بە نهێنی قسەیان لەگەڵ یەکتر کردووە و هەندێک شتیان لەسەر ئەو بابەتە وتووە کە نەیاندەتوانی بە ئاشکرا بیڵێن.
ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ڕوونیشیکردەوە، چەند یاریزانێکی یانەی ڕیال مەدرید باوەڕیان بە بڕیارەکەی ناوبژیوان نەکردووە و لەڕاستیدا سەریان سوڕماوە لە بڕیارەکەی ناوبژیوانی پۆڵەندی کە لێدانەکەی رەتکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دەگمەنی ڕووداوەکە، بەڵام یاریزانانی وەک تیبۆ کۆرتوا و کیلیان مباپێ ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی ئەلڤارێز لێدانی سزاکەی تۆمارکرد، داوای گەڕانەوەیان کرد.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە پەیوەندی باشی نێوان بەشێک لە یاریزانانی یانەی ڕیال مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید کردووە، بەهۆی هاوڕێیتییان لە هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە، وەک ئێدواردۆ کاماڤینگا و ئۆریلیان چوامینی لەگەڵ ئەنتوان گریزمان لە هەڵبژاردەی فەرەنسا، هەروەها خیمینێز و فێدریکۆ ڤالڤێردی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای.
ڕۆژنامە کەتەلۆنییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو یاریزانانەی پێشتر ئاماژەیان پێکراوە ئەوانە بوون کە بە تایبەتی لێدوانیان لەسەر بابەتەکە داوە، بەڵام ئەوەی یاریزانانی ڕیال مەدرید وتوویانە شتێک بوو کە هیچ یاریزانێک نەیدەتوانی بە ئاشکرا بیڵێت دوای ئەو جەنجاڵییە گەورەیەی بەهۆی بڕیارەکەی ناوبژیوانی پۆڵەندییەوە دروستبوو، ئەمەش یارمەتی یانەی ڕیال مەدریدی دا بۆ سەرکەوتن و لە کۆتاییدا ئەتلەتیکۆ ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد.