راچڵەكین -
بزوتنەوەی فەتح داوا لە حەماس دەكات لەپێناو مانەوەی فەلەستییەكان لە كەرتی غەززە و پاراستی دانیشتووانەكەی، دەستبەرداری دەسەڵاتی ناوچەكە ببن.
مونزر حایك، وتەبێژی بزوتنەوەی فەتح كە لەلایەن مەحمود عەباس-ەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، پەیامێكی ئاڕاستەی بزوتنەوەی حەماس كرد و داوای لێكردن دەستبەرداری دەسەڵاتەكانیان بن لە كەرتی غەززە و وتی:" ئەم هەڵوێستە لەپێناو مانەوەی فەلەستینە لە كەرتی غەززەو هەروەها بۆ پاراستنی دانیشتوانەكەیەتی لە هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل".
وتەبێژەكەی فەتح روونیكردەوە، پێویستە حەماس لەوە دڵنیابێت كە جەنگی داهاتووی ئیسرائیل، لەپێناو كۆتایی هێنانە بە بوونی فەلەستین، هەربۆیە پێویستە لەسەر ئەو بزوتنەوەیە هەڵوێستێكی مێژوویی وەربگرێت و لە گۆڕەپانی سیاسی و حكومڕانی دووربكەوێتەوە.
مونزر حایك راشیگەیاند: پێویستە حەماس بەزەیی بە ژن و منداڵی غەززە بێتەوە، چونكە رۆژانی داهاتوو زۆر قورس و گران دەبێت لەسەر دانیشتووانی كەرتی غەززەو ئیسرائیل بێ بەزەییانە پلانەكانی خۆی جێبەجێ دەكات.
پەیامەكەی فەتح بۆ حەماس، هەمان داواكاریی ئەمریكا و ئیسرائیلە، كە رایانگەیاندبوو یەكێك لە ئامانجەكانی هێرشەكانی سەر كەرتی غەززە، كۆتایی هێنانە بە دەسەڵات و هەژموونی حەماس بەسەر ناوچەكە. تائێستاش بزوتنەوەی حەماس بە فەرمی وەڵامی داواكەی بزوتنەوەی حەماسی نەداوەتەوە.