سوپای ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی دیكەی سووریا كۆنترۆڵ دەكات

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 220

راچڵەكین -

سوپای ئیسرائیل لە پێشڕەوییەكانی بۆناو خاكی سووریا بەردەوامەو چەند گوندێكی لە پارێزگای دەرعا لە باشووری ئەو وڵاتە كۆنترۆڵكرد.

میدیاكانی ناوخۆی سووریا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ شەممە، هێزێكی سوپای ئیسرائیل بە چەندین زرێپۆش  چەكی مامناوەند، چوونەتە ناو چەند گوندێكی گوندەوارەكانی پارێزگای دەرعا لە باشووری ئەو وڵاتەو تێیدا جێگیر بوون.
   
هاتنی هێزەكەی ئیسرائیل بەبێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداری بووە، بەو پێیەی ئەو ناوچەیە هیچ هێزێكی سووریای تێدا نییە.

بەپێی راپۆرتێكی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەچەند رۆژی رابردوودا، ئیسرائیل پێشڕەویی زیاتریان لەسنووری گوندەوارەكانی قونەیتەڕەی باشوور كردووەو بنكەی سەربازییان لەگوندێی ئەو ناوچەیە دامەزراندووە.

لەدوای رووخانی حوكمی بەشار ئەسەد، سوپای ئیسرائیل بەبیانووی پاراستنی دروزەكانی سووریا، پێشڕەویی بە ئاڕاستەی ناوچەكانی باشووری ئەو وڵاتە كردووەو چەندین شوێن و پێگەی كۆنترۆڵكردووە، هاوكات لە هێرش و بۆردومانەكانیشی بۆسەر ژێرخانی سەربازیی سووریا بەردەوامەو دوێنێ فڕۆكەخانەی سەربازیی لە تەدمور بۆردومانكرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن