راچڵەكین-
خۆپیشاندانەكانی توركیا كەدوای دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ-ی سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ دەستیانپێكرد، لەهەندێك شار گرژی و ئاڵۆزیان تێكەوت.
شەوی رابردوو لە پارێزگاكانی ئەنكەرە، ئیستانبوڵ، ئیزمیر و مێرسین، هاوڵاتییان رژانە سەر شەقام و دژی دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ خۆپیشاندانی فراوانیان دەستپێكردووە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە، لەخۆپیشاندانەكانی ئیستەنبوڵ هێزە ئەمنییەكان بە گوللەی لاستیكی و لە ئیزمیریش بە ئۆتۆمبێلی ئاوپرژێن، رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوەو هەوڵی بڵاوەپێكردنیان داون.
پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بڵاویكردووەتەوە، تەنها لەشاری ئیستەنبوڵ 300 هەزا كەس دژی دەستگیركردنی ئیمام ئۆغَلۆ رژاونەتە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.
رۆژی چوارشەممە 19ی ئاداری 2025 هێزە ئەمنییەكانی توركیا لەئۆپراسیۆنێكدا ، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ-ی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ و 100 كەسی تریان دەستگیركرد. داواكاری گشتی توركیاش ئیمام ئۆغڵۆ-ی تۆمەتباركردووە بەگەندەڵی و هاوكاریكردنی پەكەكە.
دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو لەكاتێكدا دێت كە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ببێتە كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆماریی توركیا.
پێشتر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە رایگەیاندبوو كە ئاكپارتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ لەبەردەم ئیمامئۆغڵو دروستبكات، شەش دۆسیەی لە دادگا لەسەر كردووەتەوە.
بڕیارە رۆژی 23-3-2025 جەهەپە دەنگ لەسەر كاندیدی پارتەكەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی داهاتووی توركیا بدات. ئیمام ئۆغڵو دیارترین كاندیدە، بەڵام ئەگەر بڕوانامەكەی بە تەواوی هەڵبوەشێندرێتەوە، ناتوانێت خۆی كاندید بكات، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ئەوەیە كە لانیكەم دەبێت بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت.