راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل گوشارەكانی بۆسەر حەماس زیاتر دەكات بەمەبەستی ناچاركردنی بە ئازادكردنی سەرجەم بارمەتەكان، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: ئەگەر تەواوی بارمتەكانمان ئازاد نەكرێن، بەشێكی خاكی غەززە داگیردەكەین و دەیلكێنین بە خاكی ئیسرائیلەوە.
یسرائیل كاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێكدا رایگەیاند: فەرمانم بە هێزەكانی سوپا كردووە لە پێشڕەوییەكانیان بۆناو كەرتی غەززە بەردەوام بن و رووبەری زیاتری خاكی ئەو ناوچەیە كۆنترۆڵ بكەن.
وتیشی:" حەماس چەند ئازادكردنی بارمتەكانی ئیسرائیل رەتبكاتەوە، لە بەرامبەردا خاكی زیاتر لەدەستدەدات و بە خاكی ئیسرائیلەوە دەلكێندرێت".
هەڕەشەكەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە ماوەی چوار رۆژە یەكلایەنە بڕیاری ئاگربەستی لەگەڵ حەماس هەڵوەشاندووەتەوەو هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر كەرتی غەززە دەستپێكردووە، كە بەهۆیەوە سەدان كەسی دیكە كوژران و بریندار بوون، سەرباری داواكارییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بۆ راگرتنی هێرشەكان، بەڵام ئیسرائیل لە پلانەكانی بەردەوامەو سنوورەكانیشی بەڕووی گەیاندنی كۆمەك و هاوكاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانی غەززە داخستووە.