راچڵەكین-
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، زانیاری نوێ لەسەر لیستی مووچەی مانگی 3 ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ هەیینی 21ی ئاداری 2025 سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی هەرێم ئاشكرایكرد، سەرباری ئەوەی كە ئەمڕۆو سبەینێ شەممە پشووی فەرمییە، بەڵام وەزارەتی دارایی عیراق لەدەوامدایە و لەئێستادا سەرقاڵی ووردبینكردنن لەلیستی مووچەی مانگی 3ی فەرمانبەرانی هەرێم.
بەووتەی ئەو سەرچاوەیە، چاوەڕێ دەكرێت تا ناوەراستی هەفتەی داهاتوو، وردبینیكردنی لیستی مووچەی مانگی 3 تەواو بكرێت و ئەگەر كێشەیەك نەیەتەڕێ ئەوا، هەمان هەفتەو بەر لەهاتنی جەژنی رەمەزان، پارەداركردنی هەرێمی كوردستان بە مووچەی مانگی 3 دەستپێدەكات.
هاوكات، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، محەمەد شیاع سودانی، سەركۆوەزیرانی عیراق داوای لەوەزارەتی دارایی عیراق كردووە، پێش جەژنی رەمەزان مووچەی سەرجەم فەرمانبەران، بەهەرێمی كوردستانیشەوە خەرج بكات.
بڕیارە ئەو شاندە تەكنییەكەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەئێستا لەبەغدان، تا تەواوكردنی وردبینی و پارەداركردنی هەرێم بەمووچەی مانگی 3، لە بەغدا بمێننەوە بۆ ئەوەی لەرێی ئەو رێپێدراوەی لەگەڵ شاندەكەدایە هەر كێشەیەك لەلیستی مووچە بەدیكرا، هەر لەوێ چارەسەری بكەن.