محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق
راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عیراق هەواڵێك لەبارەی پێكهێنانی شانەیەكی قەیرانەكان بۆ چاودێریكردنی سنوورەكان، رەتدەكاتەوەو سكاڵای یاساییش لەدژی ئەو كەناڵ و دەزگایانەی راگەیاندن تۆماردەكات كە هەواڵی ناڕاست بڵاودەكەنەوە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا ئەو هەواڵەی رەتكردەوە كە لەهەندێ كەناڵی راگەیاندنەوە بڵاوكراوەتەوەو باس لەوە دەكرێت حكومەتی عیراق بڕیاری داوە بە پێكهێنانی شانەیەكی قەیرانە ئەمنییەكان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی بۆ چاودێریكردنی پێشهاتەكان و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان لەگەڵ سووریا، ئەمەش لەچوارچێوەی تەواوكردنی هەماهەنگییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ دامەزراندنی سەنتەرێكی ستراتیجی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی ناوچەكە.
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وێڕای رەتكردنەوەی سەرلەبەری ئەو جۆرە هەواڵە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی راسپاردووە بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی لەدژی ئەو كەناڵ و دەزگا هەواڵییانەی كە هەواڵ و زانیاری ناڕاست و چەواشەكاریانە بڵاودەكەنەوە.