راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی سەرپەرشتی موچەی مووچەخۆرانی سلێمانی لە بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانیەوە گواستەوە بۆ بانكی ئاشتی.
بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كە واژووی ئاوات شێخ جەناب-ی لەسەرەو ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئاداری 2025 گشتاندنی بۆ كراوەو ئاراستەی سەرجەم بانكەكان كراوە،ئاماژە بەوەكراوە، بەمەبەستی پاراستنی نەختینەو بەتایبەت نەختینەی دابینكراو بۆ موچەو درووستنەبوونی كێشە بۆ پێشینەی مانگانە فەرمانگەكان و خەرجییە بەردەوامەكان:
* تەمویلی موچەی موچەخۆران و فەرمانبەران راستەوخۆ لە بانكی منارەوە دەنێردرێت بۆ بانكی ئاشتی لەوێشەوە بۆ بانكەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان.
* بەهیچ جۆرێك دەستكاری پارەی هاوڵاتیان ناكرێت لە بانكەكان بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر.
* نابێت كێشە بۆ پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكان و كۆمپانیاكان و بەڵێندەران درووستبكرێت.
* دەبێت هەفتانە هەموو بانكەكان لیستی داهات و خەرجییەكان ئاراستەی وەزارەتی دارای بكەن.
پێشتر لقی سلێمانی بانكی ناوەندی سەرپەرشتی پارەی نەختینەی موچەی دەكرد كە نزیكەی 400 ملیار دینارە، لەمەودوا لقی سلێمانی بانكی ناوەندی ئەو دەسەڵاتەی نامێنێت، هەژماری داخراوی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بانكی ئاشتییە لە سلێمانی لەوێوە بەسەربانكەكاندا دابەشدەكرێت.
مانگانە بانكی منارە لە هەولێر پارەی موچەی موچەخۆران لە لقی ناوەندی هەولێری بانكی ناوەندی وەردەگرێت و بەشی هەولێر و دهۆك و سلێمانی موچەی لێدەنێرێت.