راچڵەكین-
پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوەكەی شەوی رابردووی گوندی گرێزەی سەید سادق دەڵێت :" رووداوەكە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی" بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئاداری 2025 پۆلیسی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی كاتژمێر 11:10 خولەكی شەوی ڕابردوو (2025/3/19) هێزەكانی پۆلیس ئاگادار كرانەوە لەڕووداوێكی تەقەكردن لەماڵێكی گوندی گرێزەی سەر بەقەزای سەیدسادق، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادق گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە.
وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:" بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیس دەركەوت كە بەهۆی كێشەی خێزانییەوە یەكێك لەئەندامانی خێزانەكە بەناوی (بەشیر سالار محمد لەدایكبووی 1998) بەچەكی جۆری كڵاشینكۆف دەستڕێژی لەئەندامانی خێزانەكەی كردووە كە پێكهاتوون لەباوكو دایكیو دوو خوشكو برایەكی كوشتووە، دواتر خۆشی كوشتووە."
"لەلایەن تیمەكانی بەڵگەی تاوانەوە كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە ئەنجامدراو سەرجەم بەڵگەكان كۆكرانەوەو دەستبەر ئەو چەكەدا گیرا كە تاوانەكەی پێ ئەنجامدراوە، هەروەها تەرمەكان بۆ پزیشكی دادوەری گواسترانەوە."
بەبڕیاری دادوەر پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردەوامە بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری ڕووداوەكە.
كوژراوەكان پێكهاتوون لە:
سالار محمد عەبدولكەریم لەدایكبووی 1970
نیهاد قادر ساڵح لەدایكبووی 1975
سیما سالار محمد لەدایكبووی 2005
سەهەند سالار محمد لەدایكبووی 2015
یارا سالار محمد لەدایكبووی 2018
بەشیر سالار محمد لەدایكبووی 1998 (بكوژ)