راچڵەكین-
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عیراق بەهەوڵێكی نێوەندگیری سەردانی سەنعا-ی پایتەختی یەمەنی كرد.
ئاژانسی سكای نیوز بڵاویكردووەتەوە، سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ سەنعا، لەچوارچێوەی هەوڵێكی نێوەندگیری نێودەوڵەتی دێت بەئامانجی كەمكردنەوەی بارگرژییەكان لە دەریای سوور.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار، عادل عەبدولمەهدی نامەی ئاڵوگۆڕكراوی نێوان ئەمریكاو ئێرانی پێیە، بەتایبەت دوای هەڕەشەكانی واشنتۆن لە تاران بەوەی ئەگەر بەردەوام بێت لەهاوكاریكردنی حوسییەكانی یەمەن ئەوا دەبێت بەرپرسیارێتییەكەی لەئەستۆ بگرێت.
پێشتر، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردبوەوە، تاران پەیامێكی زارەكی ناردووە بۆ حوسییەكان و تیایدا داوای كەمكردنەوەی بارژگرییەكانی كردووە لە دەریای سور.
لەبەرامبەردا حوسییەكان، جەختلەوەدەكەنەوە، سوورن لەسەر رێگریكردن لە كەشتییە ئیسرائیلییەكان دەریای سوور تا ئەو كاتەی تەلئەبیب هێرشەكانی بۆسەر غەززە رادەگرێت و گەمارۆكانی سەر هاوڵاتیانی كەرتەكە هەڵدەگرێت.