راچڵەكین-
شەوی رابردوو لەبەشێك لەشارەكانی توركیا بەتایبەت ئیستەنبوڵ و غازی عەنتاب، دژ بە دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ-ی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ، هەزاران كەس لە ئەندامان و لایەنگرانی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، رژانە سەر شەقامەكان و داوای دەستلەكاركێشانەوەی ( رەجەب تەیب ئەردۆغان)ی سەرۆككۆماری توركیایان كرد.
دوینێ چوارشەممە 19ی ئاداری 2025 هێزە ئەمنییەكانی توركیا لەئۆپراسیۆنێكدا ، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ-ی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ و 100 كەسی تریان دەستگیركرد. داواكاری گشتی توركیاش ئیمام ئۆغڵۆ-ی تۆمەتباركردووە بەگەندەڵی و هاوكاریكردنی پەكەكە.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەش كەلەخۆپیشاندانەكانی ئیستەنبوڵ بڵاوبوونەتەوە، لەهەندێك ناوچە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە، ئەوە لەكاتێكدا دێت، راستەوخۆ دوای دەستگیركردنی ئیمام ئۆغَلۆ، بڕیاردرا بۆ ماوەی چوار رۆژ هەموو جۆرە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەك قەدەغە بكرێت، بەڵام ئەو بڕیارە نەبووە رێگر لەبەردەم خۆپیشاندانی هەزاران ئەندام و لایەنگری جەهەپە كە بەدروشمی " ئیمام ئۆغَڵۆ بەتەنها نیت". رژانە سەر شەقامەكان.
دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو لەكاتێكدا دێت كە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ببێتە كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆماریی توركیا.
پێشتر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە رایگەیاندبوو كە ئاكپارتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ لەبەردەم ئیمامئۆغڵو دروستبكات، شەش دۆسیەی لە دادگا لەسەر كردووەتەوە.
بڕیارە رۆژی 23-3-2025 جەهەپە دەنگ لەسەر كاندیدی پارتەكەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی داهاتووی توركیا بدات. ئیمام ئۆغڵو دیارترین كاندیدە، بەڵام ئەگەر بڕوانامەكەی بە تەواوی هەڵبوەشێندرێتەوە، ناتوانێت خۆی كاندید بكات، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ئەوەیە كە لانیكەم دەبێت بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت.