فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لەسە رووداوەكەی شەنگال روونكردنەوە دەدات

عێراق

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 222

راچڵەكین-

فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لەبارەی شەڕوپێكادانەكانی شارۆچكەی شەنگال دەڵێت، رفێندراوێكیان لەچنگی ژمارەیەك " لەیاسا دەرچوو" رزگاركردووەو گروپەكەش دەستگیركراون.

پێشتر وابڵاوكرایەوە، شەوی رابردوو گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان سوپای عیراق  و هێزەكانی یەپەشە دروستبووە، لە ئەنجامدا سێ سەربازی سوپای عیراقی و ئەفسەرێك بریندار بوون و برینی ئەفسەرەكەش سەختە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئاداری 2025 فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لەڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، گروپێكی لەیاسا دەرچوو، لەرێی دوو ئۆتۆمبێلەوە هاوڵاتییەكیان لە شارۆچكەی شەنگال رفاندووە، دواتر هێزێكی سەر بە فیرقەی 20ی سەر بەسوپای عیراق دوای رفێنەران كەوتوون گەمارۆی هەردوو ئۆتۆمبێلەكەیان داوە، پاشان لەیەكێك لەئۆتۆمبێلەكانەوە نارنجۆكێك بەڕووی هێزەكەی سوپای عیراق هەڵداراوە، بەهۆیەوە چوار سەرباز بە سوكی برینداربوون.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هێزەكەی سەر بەسوپای عیراق دوو لە رفێنەرانیان برینداركردووە كە برینی یەكێكیان سەختە و پێنج رفێنەری تریشی دەستگیركردووە، دواتر توانراوە رفێندراوەكە ئازاد بكرێت.

جێی ئاماژەیە، لەراگەیەندراوەكەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بەهیچ شێوەیەك باس لەڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی یەپەشدا نەكراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن