وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
بەلەمێكی كۆچبەران بە 25 سەرنشینەوە لە كەناراوەكانی قوبرس ژێرئاوكەوت و تائێستا تەنها دوو سەرنشین رزگاركراون و چارەنووسی ئەوانی دیكەش نادیارە.
رووداوەكە ئەمڕۆ سێشەممە روویداوە، بەلەمەكە لەشاری تەڕتوس-ی رۆژئاوای سوریاوە بەرەو قوبرس بەڕێكەوتبوو، بەوتەی پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی كورد لە ئەوروپا، كە قسەی بۆ رووداو كردووە، سەرجەم سەرنشینانی بەلەمەكە، كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵ، خەڵكی سووریان و بەر لەوەی بگەنە قوبرس، بەلەكەمەكەیان ژێرئاو كەوت.
لەكۆی 25 سەرنشینی بەلەمەكە، تەنها دوو كەسیان رزگاركراون، گەڕان بەدوای كۆچبەرەكانی دیكەش لەلایەن هێزی پاسەوانی كەناراوەكانی قوبرس-ەوە بەردەوامەو تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
لەدوای شەڕو پێكدادانەكانی ئەم مانگەی نێوان گروپە چەكدارەكانی پاشماوەی رژێمی بەشار ئەسەد و هێزەكانی سووریا لەناوچە عەلەوی نشینەكانی رۆژئاوای سووریا، كە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 600 هاووڵاتی مەدەنی كوژران، هەزاران كە لە عەلەوییەكانی ئەو وڵاتە لەترسی كوشتنیان، بەرەو قوبرس هەڵاتوون، كە بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، تائێستا نزیكەی 30 هەزار هاووڵاتی سووریا گەیشتوونەتە وڵاتەكەیان.