ئەمریكا سزای بەسەر وەزیری نەوتی ئێران و چەندین كەسایەتی و دامەزراوەی تردا سەپاند

جیهان

1 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 143

راچڵەكین-

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر موحسین پاكنەژاد- وەزیری نەوتی ئێران و ژمارەیەك كەسایەتی و كۆمپانیای پەیوەندیدار بە هەناردەكرنی نەوتی ئێران بۆ چین-دا سەپاند.

تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-3-2025 رایگەیاند، ئەو لایەنانەی سزاكانی ئەمریكا گرتونییەتەوە، نەوتی ئێرانیان بۆ باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا گواستووەتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت پێشتر، سكۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، سزایان بەسەر 30 كەسایەتی و كەشتی پەیوەندیدار بەئێرانەوە سەپاندووە بەهۆی نێوەندگیری لە فرۆشتن و باركردنی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە.

وەزیری گەنجەینەی ئەمریكا دەڵێت، ئێران تۆڕێكی گوماناوی كەشتی و نێوەندگیری هەیە كە ئاسانكاری دەكەن بۆ فرۆشتنی نەوتەكەیی و بەكارهێنانی داهاتەكەی لەلایەن حكومەتی ئێران و سوپاكەی بەشێوەیەكی نادروست.

یەكێك لەو كەسانەی سزاكانی ئەمریكا گرتوونییەتەوە،  حەمید بوفارد، جێگری وەزیری نەوتی ئێران و سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی.

سزا نوێیەكانی ئەمریكا بۆسەر كەرتی نەوتی ئێران لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەو وڵاتەدا دێت دژی تاران، كە بەووتەی واشنتۆن ئەو گوشارانە لەچوارچێوەی ئەو هەنگاوانە دێن كە گیراونەتە بەر بۆ كۆتایی هێنان بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و گەشە مووشەكییەكەی. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن