"لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، ئێمە لێتانەوە نزیكین، دەستبەكاربن"

ڕاپۆرت

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 295

راچڵەكین- 

لە 11ی ئاداری ساڵی 1991واتا 34 ساڵ لەمەوبەر، خەڵكی هەولێر بەبانگەوازی ( لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی  بروسك، ئێمە لێتانەوە نزیكین، دەستبەكاربن) دەستیان بەراپەڕین دژی رژێمی رووخاوی بەعس كردو لەماوەیەكی كەمدا شارەكەیان لەهێزەكانی بەعس دەستوپێوەندەكانی پاككردەوە.

راپەڕینی هەولێر بە بانگەوازی (لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی  بروسك، ئێمە لێتانەوە نزیكین، دەستبەكاربن) دەستیپێكرد كە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی-ەوە سەرپەرشتی دەكرا.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی كە سەرپەرشتی هێزەكانی دەكرد بۆ راپەڕینی شاری هەولێر، سەبارەت بەو رۆژە دەڵێت: "دوای ئازادكردنی شەقلاوە بڕیارماندا رۆژی 11ی ئازار هەولێر ئازادبكەین، چونكە ئەو رۆژە لە مێژووی كورددا رۆژێكی گەورەیە".

"ئەو رۆژە خەڵكی كوردستان یەك ئامانج و پلانیان هەبوو، سەعات شەشی بەیانی بە ناردنی بروسكەی (لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، ئێمە لێتانەوە نزیكین، دەستبەكاربن) راپەڕینی شاری هەولێر دەستیپێكرد و شارەكە رزگاركرا، لەورۆژەدا شانازیت دەكرد هەولێری بیت." كۆسرەت رەسوڵ عەلی وادەڵێت.

لە پلانی رزگاركردنی هەولێردا شانە چەكدارەكانی بروسك رۆڵی سەرەكییان بینی و بەسەر پێنج كەرتدا دابەشبوون، كە كەرتی یەكەم لە كۆیە بۆ مەخمور و كەرتی دووەم لە كۆیە بۆ شەقڵاوە، كەرتی سێهەم لە مەخمورەوە بۆ ناو سەربازگەی هەولێر، كەرتی چوارەم لە قۆڵی شەقڵاوەوە بۆ سەربازگەی هەولێر، كەرتی پێنجەمیش دەستپێكردنی راپەڕین بوو لە ناوشاری هەولێر و لە رۆژی 11ی ئازاری 1991 شانە چەكدارەكان ئۆپڕاسۆنەكانیان دەستپێكرد.

جەماوەری شاری ھەولێر ھەر لە سپێدەی بەیانییەوە لە گەڕەكەكانی شۆڕش، مەلایان و برایەتیی سەرەوە، ڕژانە سەر شەقام و كووچە و كۆڵانەكان و بەگڕو تینەوە لە سەرجەم بارەگا و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ڕژێمی بەعس هاتنە دەست ، بەتایبەت دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزوومەی شیمالی و بنكەكانی پۆلیس، تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە كۆنتڕۆل كران، تەنھا لە دائیرەی ئەمن و مەنزومەی شیمالی بەرگرییەكی سەختیان كرد، بۆیە كوژراوێكی زۆریان لێ كەوتەوە.

جۆش و خرۆشی خەڵكی هەولێر و تینوێتیان بۆ ئازادی، وایكرد لەماوەیەكی كورتدا سەرجەم دامودەزگاكانی رژێمی بەعس كۆنترۆڵ بكرێن و شارەكە لەبەعسییەكان پاكبكرێتەوە، دواتر لە بەردەم قەڵای هەولێر ئاهەنگی رزگاركردنی شارەكەیان گێڕا.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن