رێجیمێکی سادە دەتوانێت هەوکردنی جومگەکان کەم بکاتەوە

تەندروستی

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 142

راچڵەکین-

هەوکردنی جومگەکان یەکێکە لە حاڵەتە ئازاربەخشەکان کە کاریگەری لەسەر جومگەکان و جوڵەکانیان هەیە، کە ناڕەحەتییەکی زۆر بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانە دروست دەکات.

هەوکردنی جومگەکان زیاتر لە ١٠٠ جۆری هەیە، بەڵام دوو جۆری سەرەکی هەیە هەوکردنی ئێسک و جومگە کە لەگەڵ تەمەندا گەشە دەکات و هەوکردنی جومگەکانی رۆماتیزم کە حاڵەتێکی بەرگری خۆکارە و زیاتر باسی دەکرێت.

لەمبارەیەوە تامیکۆ کاتسومۆتۆ، یاریدەدەری مامۆستای کلینیکی لە زانکۆی ستانفۆرد دەڵێت، پەیڕەوکردنی رێجیمێکی خۆراکی دژە هەوکردن دەتوانێت تەنها لە ماوەی دوو مانگدا جیاوازییەکی گەورە دروست بکات.

ئەو پسپۆڕە لە پۆدکاستێکدا لە ماڵپەڕی ZOE Health ئاماژەی بەوە کردووە، خۆراک هەیە کە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە بەڕێوەبردن و پێچەوانەکردنەوەی نیشانەکانی هەوکردنی جومگەکان، روونی دەکاتەوە کە هەرچەندە هیچ چارەسەرێک بۆ هەوکردنی جومگەکان بوونی نییە، بەڵام هەندێک هۆکاری وەک خۆراک و گۆڕینی شێوازی ژیان و دەرمانەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە خاوکردنەوە و بەڕێوەبردنی نیشانەکانی.

سەبارەت بە خۆراکی گونجاو بۆ هەوکردنی جومگەکان، دکتۆر کاتسومۆتۆ دەڵێت، هەندێک خۆراک وەک بەرهەمە پرۆسێس کراوەکان، دەتوانن مەترسی تووشبوون بە حاڵەتێکی تەندروستی درێژخایەن زیاد بکەن، ئەو پسپۆڕە پێشنیاری خۆراکی رووەکی و دەریایی دەکات وەک دژە هەوکردن بۆ ئەو کەسانەی هەوکردنی جومگەکانیان هەیە.

دکتۆر کاتسومۆتۆ ئاماژە بەوە دەکات کە رێجیمەکە خۆراکی رووەکی و ماسی و دانەوێڵە و چەرەس و گوێز و گەنمەشامی و فاسۆلیا و نۆک بەڕێژەیەکی زۆر لەخۆدەگرێت و شیرەمەنی و گۆشت ناگرێتە خۆی.

دکتۆر کاتسومۆتۆ دەڵێت باشترین سەوزەکانی دژە هەوکردن بریتین لە "سەوزەی گەڵادار"، وەک برۆکلی، کاهو، کەلەرم و کەرەوز.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆوی چیا و تۆوی کەتان خۆراکێکی گونجاون، چونکە دەوڵەمەندن بە ریشاڵ و ئۆمیگا ٣ و پرۆتین.

بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا 3 یەکێکی دیکەیە لە ماددە خۆراکییە سەرسوڕهێنەرەکان کە دەتوانێت هەوکردن کەمبکاتەوە، بەڵام هانی "زۆر نەخواردنی ماسی" دەدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن