راچڵەکین-
بەرپرسی کاروباری ئەمریکا لە عیراق لەبارەی هاوردەکردنی غازی
سروشتی لە ئێرانەوە رایگەیاند، "غازی سروشتی بەشێک نییە لە سزاکان".
ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیاڵ رۆبنشتاین، بەرپرسی کاروباری
ئەمریکا لە عیراق و عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لە
کۆبوونەوەیەکدا لە بارەی راگرتنی هاوردەی غازی سروشتی لە ئێرانەوە بۆ عیراق بەمەبەستی
بەرهەمهێنانی کارەبا لەلایەن ئەمریکاوە گفتوگۆیان کرد.
رۆبنشتاین ئاماژەی بەوەش کرد، هاوردەکردنی غازی سروشتی لە
چوارچێوەی سزاکانی ئەمریکادا نییە و لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری یەگجاریداین لە بەرژەوەندی
هەردوو وڵات.
عەتوانی نیگەرانی خۆی لە کۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبوون بۆ
هاوردەکردنی غازی سروشتی لە ئێرانەوە بۆ عیراق دەربڕی و وتی: راگرتنی هاوردەکردنی
غازی سروشتی لە ئێرانەوە دەبێتە هۆی داڕمانی تۆڕی کارەبای نیشتمانی بەتایبەتی لە
مانگەکانی هاویندا و لێکەوتەی کارەساتبار بۆ عیراق دەهێنێتە ئاراوە.
هەروەها باسم ئەلعەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند،
هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەگەرەکان دەکەن بە مەبەستی درێژکردنەوە یان درێژنەکردنەوەی
لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتی لە ئێرانەوە.
هـ . یـ