راچڵەکین-
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە رۆژووگرتن رەنگە یارمەتیدەر
بێت لە کەمکردنەوەی مەیینی خوێن لە رێگەی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی ترشی ئیندۆل-٣ـی
پرۆپیۆنیکی لە ریخۆڵەوە.
توێژینەوەکە لەسەر پرۆسەی سنووردارکردنی کاتی خواردن بووە
بۆ چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو لە رۆژێکدا، بەڵام لە ١٦ کاتژمێر زیاتر نەبێت، کە رۆژووی
رەمەزانیش سەر بەم پۆلەیە.
بەگوێرەی هەواڵێکی "مێدیکاڵی نیوز تودەی"، توێژەران
بە کەڵک وەرگرتن لە 160 بەشداربووی توێژینەوەکە و نمونەی خوێنی مرۆڤ و مشک، بۆیان
دەرکەوتووە کە بەڕۆژووبوون یارمەتیدەرە بۆ وەستاندنی مەیینی خوێن.
ئەنجامەکان ئەوە پیشان دەدەن کە رۆژوو ئەم کارە دەکات بە
بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی ترشی ئیندۆل-٣ـی پرۆپیۆنیکی لەلایەن وردە زیندەوەرانی ریخۆڵەوە،
کە دواتر کاریگەری لەسەر مەیینی خوێن دەبێت.
لە پشکنینی زیاتری مشکەکاندا دەرکەوت کە رۆژووگرتن رەنگە
یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی کێشەکانی مێشک و دڵ کە پەیوەندییان بە لەدەستدانی رۆیشتنی
خوێن و دواتر گەڕانەوەیەوە هەیە.
توێژینەوەکە لە نەخۆشخانەی ژۆنگشان و زانکۆی فودان لە چین
ئەنجامدراوە و توێژەران دەڵێن "رۆژووگرتنی دەتوانێت دەستێوەردانێکی شێوازی ژیان
بێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لەو نەخۆشانەدا کە مەترسی جەڵتەی
مێشک و جەڵتەی دڵیان لەسەرە".
هەروەها ئەم دۆزینەوانە تیشک دەخەنە سەر رۆڵی تەندروستی ریخۆڵە
و کاریگەری لەسەر بوارەکانی تری کارکردنی جەستە.