هاوڵاتیان لە دانەوەی ئەم قەرزە دەبەخشرێن

ئابوری

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1137

راچڵەكین-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان پشت بەستوو بە نووسراوێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، لێخۆشبوونی تەواو بۆ قەرزی سوودی كشتوكاڵی دەركرا. هاوكات پێشنیازێك بۆ لێخۆشبوون لە بەشێكی قەرزی خانووبەرە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كراوە. 

بەگوێرەی نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كە ئەمڕۆ یەكشەممە 9-3-2025 ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە پسپۆڕییەكان كراوەو، واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەرە، ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبوونی بۆ قەرزی سوودی كشتوكاڵی دەركردووە. 

بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (15786) لە 12-11-2024، دەركراوە و لە سێ خاڵ پێك هاتووە:

1. ڕەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبوون لە سوودی بانكی كشتوكاڵی ئەو جووتیارانەی نەیانتوانیوە قەرزەكانیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە بدەنەوە. 

2. ئەوانەی كۆی قەرزەكانیان گەڕاندووەتەوە، تەنها سوودەكەیان لەسەر ماوەتەوە، ئەم لێخۆشبوونە دەیانگرێتەوە. 

3. جووتیار پێویستە لە ماوەی ساڵی دارایی (2025) قەرزەكە بگەڕێنێتەوە، بە مەرجێك لە سێ گوژمە زیاتر نەبێت و لێخۆشبوونەكە لە دوای وەرگرتنەوەی دوایین گوژمە بۆی دەكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن