راچڵەکین-
فشاری دەروونی دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشی و زیان بۆ مرۆڤ،
هەروەها دەبێتە هۆی تێکدانی ئارامیی ژیان و باری دەروونی رۆژانەی کەسەکە، بەڵام هەندێک
زیانی راستەوخۆی فشاری دەروونی لەسەر جەستە هەیە کە پێویستە ئاگادار بین.
راپۆرتێکی بەرفراوان کە لەلایەن ماڵپەڕی تایبەتمەند
"Bright Side" بڵاوکراوەتەوە، پێداچوونەوەی
بە لیستی 6 زیانی راستەوخۆی جەستەدا کردووە کە بەهۆی فشاری دەروونییەوە دروست دەبێت،
باسیش لە شێوازی دوورکەوتنەوە لەو زیانانە کراوە.
راپۆرتەکە کە لەلایەن ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە نێتەوە پێداچوونەوەی
بۆ کراوە، ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێک لەو زیانانەی کە لە ئەنجامی فشاری دەروونییەوە
دروست دەبێت، کاریگەرییەکەی لەسەر پێست دەبینرێت، لەوانە دەرکەوتنی زیپکە.
هەروەها پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دڵەڕاوکێ و فشاری
بەردەوام دەبێتە هۆی هەوکردن و پەڵەی زیاتر، تێکچوونی خەو "کە کاریگەری لەسەر
چاککردنەوەی پێست دەبێت"، هەروەها ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان.
دووەم زیانی دڵەڕاوکێ بریتییە لە "ئەو پەڵانەی کە لەسەر
پشت یان بەشی جیاوازی جەستە دەردەکەون، کە بریتین لە پەڵەی سوور، یان ئەو پەڵانەی
دەخورێن، کە بەبێ هیچ هۆکارێک دیار دەردەکەون و ئەمانەش لەوانەیە بەهۆی فشارەوە بێت،
چونکە دڵەڕاوکێ و فشاری درێژخایەن دەتوانێت کاردانەوەی سیستەمی بەرگری لێبکەوێتەوە،
ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ئەم پەڵە بچووکانە لەسەر پێستت".
سێیەم: فشاری دەروونی بەردەوام دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی
بەردەوام، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "کاتێک فشاری دەروونی ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت،
دەبێتە هۆی ئەوەی جەستەت زیاتر تووشی هەوکردن بێت، هەروەها دڵەڕاوکێ دەبێتە هۆی
خووی ناتەندروستی ژیان، وەک کەمخەوی، خراپی خواردن، یان وازهێنان لە وەرزشکردن، کە
زیاتر زیان لە سیستمی بەرگریی جەستەت دەدات و لاوازتری دەکات".
زیانی چوارەم بریتییە لە "سەرئێشەی بێزارکەر کە
ناتوانیت لێی رزگارت بێت، کە هەندێک جار هەست دەکەیت کە مێشکت بەبێ هۆکار فشار دەخاتە
سەر خۆی و ئەمەش سەرئێشەیەکە کە لە ئەنجامی گرژی، دڵەڕاوکێ، یان فشاری سۆزدارییەوە
دروست دەبێت".