راچڵەکین-
لە هەنگاوێکدا بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی بە شێوەیەکی
کاریگەرتر، توێژینەوەیەکی ئەم دواییە شەش جۆری لاوەکی خەمۆکی دەستنیشانکردووە،
ئەمەش وایکردووە چارەسەرکردن بۆ هەر نەخۆشێک بە گشتی بگونجێت و چانسی چاکبوونەوە
زیاد بکات.
بەپێی "سی ئێن ئێنـ"ـی ئەمریکی، بۆ هەندێک کەس
کە تووشی خەمۆکی بوون، پرۆسەی دۆزینەوەی دەرمانی گونجاو لە تاقیکردنەوەدایە، ئەمەش
بۆ چەند مانگێک یان تەنانەت ساڵانێک بەردەوام دەبێت، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی
خراپتربوونی نیشانەکانی کێشەکە لە نەخۆشەکەدا.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری پزیشکی "نەیچەر
مێدسن" بڵاوکراوەتەوە، زانایان نەخشەیەکی نوێی مێشکیان ئاشکراکردووە کە شەش
"جۆری بایۆلۆژی" خەمۆکی پیشان دەدات، هەر جۆرێکیش بە کۆمەڵە نیشانە و
چالاکییەکی تایبەت لە مێشکدا تایبەتمەندە.
توێژینەوەکە لەسەر بنەمای شیکاری وێنەگرتنی دەنگدانەوەی
موگناتیسی کارایی "fMRI" بووە بۆ مێشکی زیاتر لە
٨٠٠ بەشداربوو کە هەندێکیان تووشی خەمۆکی بوون و هەندێکی دیکەیان تووشی دڵەڕاوکێ
بوون.
هەروەها تاقیکردنەوەی ئەوەی کردووە کە سێ لەو جۆرانە چۆن
وەڵامی دەرمانی دژە خەمۆکی و چارەسەری جیاواز دەدەنەوە.
سی ئێن ئێن لە زاری نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، لین
ویلیامز، مامۆستای پزیشکی دەروونی و زانستە رەفتارییەکان لە قوتابخانەی پزیشکی
زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا، رایگەیاندووە، "لە ئێستادا هیچ پشکنینێک
لەبەردەستدا نییە کە یارمەتیدەر بێت بۆ دیاریکردنی جۆری خەمۆکی کە مرۆڤەکان
بەدەستیەوە دەناڵێنن، یان لەوەش گرنگتر، ئاخۆ گونجاوترین چارەسەر چیە؟.."
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دۆخەی ئێستادا پشت بە نەخۆش
دەبەستین کە پێمان بڵێت بە چیدا تێدەپەڕێت و دەبێت پزیشک یان دەروونناس سەرنجی
نیشانەکانی بدات و حاڵەتەکە دەستنیشان بکات.
بەگوێرەی تۆڕەکە، نزیکەی ٢٨٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی
خەمۆکی بوون، لەنێویاندا ٢٦ ملیۆن کەس لە ئەمریکان.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠٪ـی ئەو کەسانەی
خەمۆکییان هەیە دوای یەک تاقیکردنەوەی چارەسەرکردن باشتر نابن، لەکاتێکدا نزیکەی
٣٠٪ـی ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی بوون، دوای چەندین هەوڵی چارەسەرکردن تووشی خەمۆکی
بەرگریکار لە
چارەسەرکردن دەبن، واتە دووچاری حاڵەتێک دەبن کە خەمۆکییەکەیان
تەشەنە دەکات.
ویلیامز کە هاوکات وەک بەڕێوەبەری سەنتەری ستانفۆرد بۆ
تەندروستی دەروونی کاردەکات، دەڵێت، "ئەمە وای لێکردین ئەم توێژینەوەیە
ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی رێگەیەکی تەواو نوێمان هەبێت بۆ ئەوەی خێراتر چارەسەری
گونجاو بۆ هەر کەسێک دەستنیشان بکەین بۆ یەکەمجار".