بەهۆی ئەم کێشەیەی ئینستاگرامەوە مێتا داوای لێبوردن دەکات

هەمەڕەنگ

14 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 120

راچڵەکین-
بەکارهێنەرانی ئینستاگرام لە سەرانسەری جیهان گلەیی لە دەرکەوتنی ناوەڕۆکی توندوتیژ و هەستیار و نەشیاو لە لاپەڕەکانیاندا دەکەن، سەرەڕای چالاککردنی تایبەتمەندی کۆنترۆڵکردنی ناوەڕۆکی هەستیار.

زۆرێک لە بەکارهێنەران باسیان لەوە کردووە کە بەرکەوتووی دیمەنی شۆککەر بوون کە دیمەنی توندوتیژیی زیادەڕۆ و ناوەڕۆکی نەشیاوی تێدابووە، ئەمەش وای لێکردوون بچنە سەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیای وەک ئێکس، بۆ دەربڕینی توڕەیی خۆیان و داوای ڕوونکردنەوە بکەن لەسەر ئەوەی ڕوودەدات.

یەکێک لە بەکارهێنەران بە سەرسوڕمانەوە نووسیویەتی: "پێدەچێت ئەمڕۆ خراپەیەک لە ئەلگۆریتمەکەی ئینستاگرامدا هەبێت، ئێکسپلۆرەکەم پڕ بووە لە ڤیدیۆی توندوتیژی و ڕووداو و تەقەکردن، هەموویان لە ماوەی ١٢ کاتژمێری ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە، کە زۆربەیان وەک ناوەڕۆکی هەستیار پۆلێنکراون".

سەرەڕای پەرەسەندنی مشتومڕەکان، کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی ئینستاگرامە، سەرەتا بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاونەکردەوە، بەڵام دواتر لە ڕێگەی کەناڵی "سی ئێن بی سی" داوای لێبوردنی کرد و پشتڕاستیکردەوە کە کێشەکە لە ئەنجامی "هەڵەیەکی تەکنیکی" بووە.

وتەبێژی مێتا وتی: “ئێمە ئەو کێشەیەمان چارەسەر کردووە کە بووەتە هۆی دەرکەوتنی ناوەڕۆکی نەشیاو لە ئینستاگرام بۆ هەندێک بەکارهێنەر".

بەپێی سیاسەتەکانی کۆمپانیای مێتا، کۆمپانیاکە کاردەکات بۆ پاراستنی بەکارهێنەران لە ناوەڕۆکی شۆککەر بە لابردنی هەر بابەتێک کە توندوتیژیی توند یان دیمەنی ترسناک لەخۆبگرێت، وەک "وێنەیەک کە جەستەی سووتاو یان دیمەنی پارچەپارچەبوون پیشان دەدات"، هەروەها هەر ناوەڕۆکێک کە "کۆمێنتی گاڵتەجاڕانە یان سادیستیانە سەبارەت بە ئازارەکانی مرۆڤ یان ئاژەڵ" لەخۆبگرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن