راچڵەکین-
زۆر کەس بەدەست تێکچوونی خەوەوە دەناڵێنن، هەندێکجاریش
دەگاتە ئاستی کەمخەوی، ئەمەش وادەکات هەندێک کەس دەرمان و بخۆن کە یارمەتدەریان بێت بۆ ئەوەی بخەون
بە گوێرەی رۆژنامەی "The Independent"ـی بەڕیتانی لەو
بارەیەوە ئەوەی کە زۆر کەس نایزانن ئەوەیە کە ئەو چالاکییانەی کە کەسێک لە ڕۆژدا ئەنجامی
دەدات ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە خەوتنی شەوانەدا.
لە راپۆرتێکی رۆژنامەکەدا باس لەوە کراوە،
"کلیلی کەمخەوی ڕەنگە لە ڕۆتینی ڕۆژانەتدا شاراوە بێت"، چونکە خەوتن لە
شەودا دەتوانێت باشتر بێت ئەگەر کەسێک بتوانێت ڕۆتین و چالاکییەکانی ڕۆژانەی بگۆڕێت.
هیزەر داروال سمیس، پسپۆڕی چارەسەری دەروونی و
پسپۆڕی خەو ڕوونی دەکاتەوە، ئەوەی لە ڕۆژدا ئەنجامی دەدەیت ئەوەشی نایکەیت، کاریگەریی
قووڵی لەسەر خەوتنی شەوانەت دەبێت.
ئەو دەڵێت: "زۆرجار بیر لە کێشەکانی خەو دەکەینەوە
وەک شتێک کە لە کاتی خەوتنەوە دەست پێدەکات، بەڵام لە ڕاستیدا شێوازی ژیانمان لە ڕۆژدا
ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لەوەی کە شەوانە چەندە باش دەخەوین".
ئەو پسپۆڕە باس لەوەش دەکات، "ئەگەر کاتژمێر
٣ی بەیانی بەئاگا دێیتەوە و سەیری بنمیچەکە دەکەیت، هەوڵدەدەیت بە زۆر خۆت بخەوێنیت،
واز لە شەڕکردن لەگەڵ خۆت بهێنە.
داروال-سمیس ڕوونی دەکاتەوە، کە کتێبە نوێیەکەی
بە ناوی چۆن بەئاگا بیت لە داهاتوودا، بە پلەی یەکەم تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە
رۆتینی رۆژانەت چۆن کاتژمێری بایۆلۆجی جەستەت رێکدەخات و باس لەوەش دەکات، خەوی
هاوسەنگ پەیوەندی بە ماددەیەکی کیمیاییەوە هەیە کە پێی دەوترێت ئەدینۆسین، کە لە مێشکتدا
دەردەدرێت و وا دەکات پێویستت بە خەو بێت.
سمیس دەڵێت: "هەرچەندە زیاتر بەئاگا و
چالاک بیت، ئەم فشارە خەوتنە بەهێزتر دەبێت". ئەو بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
"لە شەودا ئاستی بەرزی ئەدینۆسین یارمەتیت دەدات بە شێوەیەکی سروشتی بخەویت".
سمیس کۆمەڵێک رێنمایی دەدات بۆ دڵنیابوون لە خەوێکی
ئارام و پشوودرێژ لە شەودا، گرنگترینی ئەم ئامۆژگاریانە بریتین لە:
یەکەم، هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتدا لە خەو هەڵسێت،
سمیس ڕوونی دەکاتەوە کە کاتژمێری جەستەت لەسەر یەکگرتوویی گەشە دەکات، بۆیە کاتێک
کاتی بەئاگابوونەوە دەگۆڕێت، ئەمە تەواوی سوڕی خەو و بەئاگابوونەوە تێکدەدات.
رێنمایی دووەم ئەوەیە کە "ڕۆژەکەت بە چالاکی
دەستپێبکە"، چونکە چۆن لە خەو هەڵدەستیت بە هەمان شێوە خەوتنت لە قاڵب دەدات
و ئەگەر دوای لەخەو هەڵستان دەست بەریت بۆ مۆبایلەکەت، یەکەم شت کە جەستەت هەموو بەیانیەک
ئەزموونی دەکات بۆ وەڵامدانەوەی سترێس، ئەمەش واتە خۆت بۆ ڕۆژێک لە سترێس و شەوێک
لە خەوێکی تێکچوودا ئامادە دەکەیت.
رێنمایی سێیەم ئەوەیە کە "پشوویەک بدە بە
مێشکت".
چوارەم، بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیندیپێندنت، ئەوەیە
کە مرۆڤ ڕۆژەکە جیاواز بکات لە شەو ئەگەر هەموو ڕۆژێک بە دانیشتن و گەڕان بەسەر بەریت،
لەوانەیە جەستەت هەست بە ئامادەیی نەکات بۆ خەوتن، وەک دەروال سمیس ئاماژەی پێدەکات.
ئاماژەی بەوە کردووە، خەوتن کاتێک ڕوودەدات کە جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان بەئاگابوون
و پشوودان هەبێت، بەڵام ئەگەر بە درێژایی ڕۆژ لە حاڵەتێکی کەمی وزە و جوڵەدا بیت،
ئەوا خەوێکی قووڵت نابێت.
پێنجەم، نابێت "بەدوای خەودا بگەڕێیت"،
وەک دارواڵ سمیس ئاماژەی پێدەکات کە تا زیاتر هەوڵبدەیت خەو کۆنتڕۆڵ بکەیت، زیاتر
زەحمەت دەبێت، بۆیە پێشنیاری ئەوە دەکات کە هەر یاسایەکی توند سەبارەت بە ڕۆتینەکانی
پێش خەوتن لاببەیت و سەرنجت بگۆڕیت بۆ کاتەکانی بەئاگابوونت، ئەو دەڵێت: "زۆر
گرنگیدان بە خەو دەتوانێت بیکاتە نمایشێک لەکاتێکدا بڕیارە پرۆسەیەکی سروشتی و
نائاگا بێت".
هـ . یـ