راچڵەکین-
شاندی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی لە سلێمانی كۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو ستراتیژە دەكەن كە دەبێتە بناغەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاندووە، ئەمڕۆ شەممە لە سلێمانی هەردوو شاندی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوەو گفتوگۆ لەسەر دواین پەرەسەندنەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەكەن.
وتیشی:" تیمی تەكنیكی یەكێتی و پارتی لە ماوەی رابردوودا رەشنووسێكیان وەك ستراتیژی بەڕێوەبردنی حكومەتی داهاتوو ئامادەكردووە، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەسەر ئەو ستراتیژە بكەن، كە دەبێتە بناغەیەك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم."
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەشكردووە:" بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆكانی پەیوەست بە پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم هاتووەتە ئاراوەو خوازیارن زۆر نەبات هەردوولا لەسەر كۆی خاڵەكان بگەنە رێكەوتن و حكومەتێكی خزمەتگوزار و كارا پێكبهێندرێت، كە وەڵامدەرەوەی ئەم قۆناغە بێت".