راچڵەكین -
سوپای ئێران ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی گەورەترین مانۆڕی سەربازی دەكات كە سبەینێ بە بەشداریی هێزەكانی وشكانی و ئاسمانی و دەریایی لە باشووری ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
حەبیبوڵا یەساری، فەرماندەی مانۆڕە سەربازییەكانی سوپای ئێران، رایگەیاند: مانۆڕە سەربازییەكە، سبەینێ شەممە لەژێر ناوی (زولفەقاڕ 1403) دەستپێدەكات و سنووری ئەنجامدانی مانۆڕەكەش، لە ناوچە كەناراوییەكانی باشووری رۆژهەڵاتەوە تا باكووری زەریای هیندی دەگرێتەوە.
مانۆڕەكەی سبەینێی سوپای ئێران، بە گەورەترین مانۆڕی سەربازیی دادەنرێت، كە تێیدا دەیان یەكەی سەربازیی هێزی وشكانی و دەریایی و ئاسمانی ئەو وڵاتە بەشداریی تێدا دەكەن، ئەمەش لەكاتێكدایە گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەریەك لە ئەمریكا و ئیسرائیل روو لە هەڵكشانەو تاران مەترسی هەیە ئەو دوو وڵاتە هێرشی ئاسمانی بۆسەر وێستگە ئەتۆمییەكانی ئەنجام بدەن.
فەرماندەی مانۆڕە سەربازییەكانی سوپای ئێران، هۆشداریی دا لەهەر هێرشێكی ئاسمانی كە بكرێتە سەر وڵاتەكەی، ووتی:" وەشاندنی هەر گورزێكی سەربازی بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئێران، بەبێ وەڵامدانەوە تێپەڕ نابێت و زیانی گەورە بە وڵاتی هێرشبەر دەگەیەنین".