راچڵەكین -
لە دەریای ئیجە بەلەمێك كە ژمارەیەكی زۆر كۆچبەری هەڵگرتبوو، نوقم بوو، بەهۆیەوە شەش كۆچبەر خنكان و 27 كۆچبەریش لەلایەن تیمی كەناراوییەكانی توركیاوە رزگار كران.
عەلی یەرلیكایا، وەزیری ناوخۆی توركیا، لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، بڵاویكردەوە، لەنزیك كەناراوەكانی ئیزمیر لە رۆژئاوای توركیا، بەلەمێكی كۆچبەران لەكاتی چوونی بۆ یۆنان، نوقم بوو، بەهۆیەوە شەش سەرنشینی بەلەمەكە خنكان.
وەزیری ناوخۆی توركیا بەبێ ئاشكراكردنی ناسنامەی كۆچبەرەكان، ئاماژەی بەوەكردووە، تیمی كەناراوەكانی توركیا، 27 كۆچبەری ناو بەلەمەكەیان رزگاركردووەو تەرمی قوربانییەكانیش، كە سێ كەسیان منداڵن، لەناو دەریاكە دەرهێنراون.
لەو 27 كەسەی كە لە ناو بەلەمە رزگاركراون، یەكێكیان قاچاخچی بووەو دوای ئاشكرابوونی، لەلایەن پۆلیسی توركیاوە دەستگیركراوە.
ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لەو بەلەمانەی كە بە شێوەیەكی نایاسایی كۆچبەران لە توركیاوە بۆ دوورگەكانی یۆنان دەگوازنەوە، بەهۆی خراپیی بەلەمەكان، یاخود خراپیی رەوشی كەشوهەوا، لە دەریای ئیجەدا نوقم دەبن. بەپێی ئامارەكانی پاسەوانی كەناراوەكانی توركیا، ساڵی ڕابردوو نزیكەی 45 كۆچبەر لە دەریای ئیجە خنكاون و دەسەڵاتداران 484 كەسیان بە تۆمەتی قاچاخبردنی پەنابەران دەستگیركردووە.