راچڵەکین-
توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، هەرزەکاران پێویستە پێش پەیڕەوکردنی رێجیمێکی درێژخایەنی چەند رۆژی هاوشێوەی بەڕۆژووبوون لە رەمەزاندا، راوێژ بە پزیشک بکەن، ئاماژە بەوە دەکات کە پەیڕەوکردنی رێجیمی لەو شێوەیە تەواو گرێدراوە بە تەمەنەوە.
ئەم توێژینەوەیە لە ماڵپەڕی hindustantime بڵاوکراوەتەوە و تیشکی خستۆتە سەر پێویستیی راوێژکردنی هەرزەکاران بە پسپۆڕێکی چاودێری تەندروستی پێش دەستپێکردنی هەر بەڕۆژووبوونێکی ماوە درێژ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکان، هەروەها دیاریکردنی باشترین رێگە بۆ پەیڕەوکردنی.
بەڕۆژووبوونی کورتخایەن بۆ هەموو تەمەنێک سەلامەتە، بەڵام بەڕۆژووبوونی درێژخایەنی هەرزەکاران کێشەی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینی لە گەنجاندا لێ دەکەوێتەوە و ئەمەش قۆناغی سەرەتایی جۆری یەکەمی شەکرەیە.
توێژینەوەیەکی ئەڵمانی دەریخستووە کە ڕۆژووگرتنی پچڕپچڕ کاریگەری پێچەوانەی لەسەر مشکی تەمەن جیاواز هەبووە، لە کاتێکدا تەندروستی لە مشکە بەتەمەنەکاندا باشتر کردووە، بەڵام زیانی بە گەشەکردنی خانەکانی پەنکریاس لە مشکە گەنجەکاندا گەیاندووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ مەترسییە ئەگەرییەکان بۆ هەرزەکاران و تازە پێگەیشتووان.
ئەنجامی توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تەمەن رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دیاریکردنی سوودەکان یان مەترسییەکانی ڕۆژووگرتن، دەرکەوتووە کە ڕۆژووگرتن بۆ ماوەیەکی زۆر گەشەی خانەکان لە کەسانی گەنجتردا تێکدەدات و بە تایبەتی کاریگەری لەسەر خانەکانی بەرهەمهێنەری ئەنسۆلین دەبێت، ئەم دۆزینەوانە نیگەرانییەکان لەبارەی سەلامەتی ڕۆژووگرتن بۆ منداڵان و هەرزەکاران زیاتر دەکەن.
ستیفان هێرزیگ، مامۆستا لە زانکۆی تەکنیکی میونشن و بەڕێوەبەری پەیمانگای شەکرە و شێرپەنجە لە هێلمهۆڵتز میونشن دەڵێت: توێژینەوەکەمان پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڕۆژووگرتنی درێژخایەن بۆ گەورەکان سوودی هەیە، بەڵام ڕەنگە بۆ منداڵان و هەرزەکاران لەوانەیە مەترسی دروست بکات.
توێژینەوەکە لەسەر سێ گروپی مشک ئەنجامدراوە: مشکی گەنج (یەکسانە بە هەرزەکاری لە مرۆڤدا)، مشکی تەمەن ناوەڕاست (گەورەساڵ)، هەر گروپێک شێوازێکی خۆراکی پەیڕەو کردووە کە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەڕۆژوو بوون، پاشان بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر خواردنی ئاسایییان خواردووە، توێژەران بەدواداچوونیان کردووە کە ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر جەستەیان هەبووە لە ماوەی کورت "٥ هەفتە" و درێژتر "١٠ هەفتە"دا.
هـ . یـ