وێنەی ئەو خێزانەی كە تەرمی دایك و دوو منداڵەكەی رادەستی ئیسرائیل دەكرێنەوە
راچڵەكین-
لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیل، بزووتنەوەی حەماس تەرمی چوار دیلی ئیسرائیلی ڕادەستی خاچی سوور كرد.
تەرمی هەریەك لە ئۆدید لیفشیتز، شیری بیباس، ئاریێڵ بیباس و كفیر بیباس كە لە شاری خان یونس لە كەرتی غەززە لە نێو تابوتدا ڕادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی كران، ڕەوانەی ئیسرائیل دەكرێن.
ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی لیواكانی عێزەددین قەسامی باڵی سەربازی حەماس، لە لێدوانێكیدا كە میدیای توركیا بڵاویكردووەتەوە ڕایگەیاند: "پێش بۆردومانكردنی شوێنی دەستبەسەركراوان لەلایەن فڕۆكەكانی داگیركەر، هەموویان لە ژیاندابوون".
بەپێی ڕێككەوتنەكە، لە بەرامبەر ڕادەستكردنەوەی چوار تەرمە ئیسرائیلییەكە، لە 22 ی شوباتدا گرووپێك لە دیلە فەڵەستینییەكان لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد دەكرێن.