فۆتۆ/ PUK media
راچڵەكین-
كۆنفرانسی ئامادەكاری دووهەمین دیداری یەكێتی لەدهۆك بەڕێوەدەچێت و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتییش دەڵێت، ئامانجی دیدارەكە داڕشتنەوەو تاوتوێكردنەوەی دیدگایەكی نوێ و ئامادەكاری و خۆسازدانی یەكێتییە بۆ قۆناغێكی نوێی ژیانی سیاسی و حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان.
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەماڵپەری فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە:" بەگوێرەی بڕیاری لیژنەی باڵای دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆنفرانسی ئامادەكاری دووهەمین دیداری یەكێتی لەدهۆك بەدروشمی "بەدیدگایەكی نوێ؛ بەهێزی و بەرەوپێشچوون و خزمەتگوزاری دەستپێدەكات".
"سەرەتای مەراسیمی كۆنفرانسی ئامادەكاری دووهەمین دیداری یەكێتی لەدهۆك بەئامادەبوونی تێكۆشەرانی سنووری مەڵبەندی پارێزگای دهۆك و هەموو هاڤاڵانی دیكەو كەسانی ئاینە جیاوازەكان و رۆشنبیران و نووسەران و میدیاكاران و چەندین میوان بەڕێوەدەچێت و دواتر دەستبەكارەكانی كۆنفرانس دەكرێت" لەتیف نێروەیی وادەڵێت.
لەبارەی كۆنفرانسی ئامادەكاری دووهەمین دیدار لە موسڵ، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی: "كۆنفرانسی ئامادەكاری دووهەمین دیدار لەپارێزگای موسڵ، بەمیوانداری پێكهاتەكانی موسڵ و كەسانی كۆمەڵایەتی و پارێزگاری نەینەوا سەركەوتووانە لەكەشێكی ئارام و بەڕۆحییەتێكی هەڤاڵانەوە بەڕێوەچوو".
رۆژی شەممە 15-2-2025 دووهەمین دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال و بەدروشمی"بەدیدگایەكی نوێ؛ بەهێزی و بەرەوپێشچوون و خزمەتگوزاری" لەپارێزگای موسڵەوە دەستیپێكردو بۆ ئەو مەبەستەش پێشتر لیژنەی باڵای دیدار، بەسەرپەرشتی د. یوسف گۆران، ئەندامی مەكتەبی سیاسی چەندین كۆبوونەوەی ئەنجامدا.
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەسندكراوی كۆنگرەی پێنجەم، دیداری یەكێتی چالاكییەكی رەسمی دەورییەو بەشێكە لە وێستگەكانی خەباتی فراوانی هەڤاڵانە، هاوكات یەكەم دیداری یەكێتی بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لە بەرواری 12-3-2022 دەستپێكردو لە 31-5-2022 كۆتایی بەكارەكانی هێناو سیاسەتەكانی یەكێتی لە بوارە جیاجیاكاندا داڕشت و بووە بنەمایەك بۆ سیاسەتی گشتی یەكێتی.