راچڵەکین-
لەمڕۆوە ئەو بەکارهێنەرانەی کە ڤیدیۆی راستەوخۆ لە فەیسبووک بڵاودەکەنەوە، پێویستە پێش بەرواری بەسەرچوون ڤیدیۆی راستەوخۆکانیان دابەزێنن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نەسڕدرێنەوە.
مێتا، خاوەنی پلاتفۆرمەکە، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، "ئەم گۆڕانکارییە ئامانجی خزمەتکردنی بەکارهێنەرانە بە نوێترین تایبەتمەندیی پەخشی راستەوخۆ چونکە زۆربەی بینەری ڤیدیۆ ڕاستەوخۆکان لە چەند هەفتەی یەکەمی بڵاوکردنەوەیدا ڕوودەدات."
جگە لەوەش هەموو تۆمارە پەخشکراوە راستەوخۆکانی پێشوو کە کۆنترن لە 30 رۆژ دەسڕدرێنەوە، بەکارهێنەرانیش پێش سڕینەوەیان ئاگادار دەکرێنەوە، ئەم ئاگادارکردنەوەیەش دەرفەتی 90 رۆژیان پێدەدات بۆ دابەزاندنی ڤیدیۆکان.
فەیسبووک بەنیازە لە چەند مانگی داهاتوودا تۆمارە کۆنەکان قۆناغ بە قۆناغ کۆتایی پێبهێنێت، هەروەها چەند ئامرازێک دابین دەکات بۆ ئەوەی یارمەتی بەکارهێنەران بدات بۆ سەیڤکردنی ڤیدیۆکانیان، یان بە دابەزاندنی بە تاک یان بە شێوەی دەستە لە ماوەی دیاریکراودا، ڤیدیۆکان دەتوانرێت راستەوخۆ بگوازرێنەوە بۆ خزمەتگوزارییەکانی هەڵگرتنی فایل، وەک درۆپبۆکس یان گووگڵ درایڤ.
بەکارهێنەران دەتوانن ڤیدیۆکان دابەزێنن بە چوونە ناو Activity Log و فلتەرکردنی ئەنجامەکان بەپێی Live Videos و هەڵبژاردنی ئەو بەروارەی دەیانەوێت بۆ دابەزاندنی ئەو ڤیدیۆیانەی کە هێشتا ماون.
هەروەها دەتوانیت سەردانی “Video Tab” یان “Live Tab” بکەیت لە پڕۆفایلی خۆت یان لاپەڕەکەت، یان Meta Business Suite، پاشان بیخەیتە سەر ڤیدیۆکە و سێ خاڵەکەی دەستی راست دابگریت و "Download Video" هەڵبژێریت.