راچڵەكین -
سوپای ئێران ئامادەكاریی بۆ هێرشی مووشەكی بالیستی بۆسەر وڵاتەكەی دەكات و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە تاران و چەند شارێكی گەورەی وڵاتەكەی جێگیر دەكات.
ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزەكانی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند: لە تارانی پایتەخت و چەند شارێكی گەورە، سیستمی بەرگریی دژ بە هێرشەكانی مووشەكی بالیستی دادەنێین.
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران روونیكردەوە، سیستمەكانی بەرگرییمان دژ بە درۆن، فڕۆكە و مووشەكە ئاڕاستەكراوەكان هەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەیان پێدەدەین، بەڵام هەتا ئەمڕۆ سیستمێكی بەرگرییمان نییە دژ بە مووشەكە بالستییەكان.
حاجیزادە باسی لەوە كرد كە كارەكانی دانانی سیستمەكانی بەرگریی دژ بە هێرشە مووشەكییە بالیستییەكان لە هەندێك شاری وڵاتەكە، دەگەڕێتەوە بۆ سێ ساڵ پێش ئێستا، رایگەیاند: "یەكەم بەرهەمی ئەم پرۆژەیە ساڵی داهاتوو دەدرێت، تاران و هەندێك لە شارە گەورەكان بە سیستمی بەرگریی دژ بە مووشەكی بالیستی پڕچەك دەكەین".
فەرماندە ئێرانییەكە ئەوەشیخستەڕوو كە هەندێك لە چین و توێژەكانی وڵات نیگەرانن لە هێرشی ئەمریكا ئەگەر لەسەر مێزی گفتوگۆ دانەنیشن، وتی:" لەڕووی تەكنیكییەوە هیچ سنوورێكمان نییە بۆ زیادكردنی مەودای مووشەكەكان، ڕەنگە ڕۆژێك لەگەڵ ئەمریكا ڕووبەڕوو ببینەوە، بەڵام ئەمریكا لە دەوروبەری ئێران خاوەنی ئامانجە بەپێی پێویست و دەكرێت ئەم ئامانجانە بە مووشەكی تێچوو كەم بكرێنە ئامانج".
لەبارەی ئەگەری هێرشی ئێران بۆسەر ئامانجەكانی ئەمریكا، ئەمیرعەلی حاجیزادە ئاماژەی بەەكرد كە وڵاتەكەی لەئێستادا ناچار نییە بە مووشەكی كیشوەربڕ لە ئەمریكا بدات، وتی:" بەڵام ئەگەر ئەوان بیانەوێت دژ بە ئێمە هەڵمەتێك ئەنجام بدەن، ئەوا ناچار دەبن لە وڵاتەكەمان نزیكببنەوە، ئەو كاتەش دەكەونە ژێر دەستمانەوە".