راچڵەكین- ئاسۆ شەیدا
بڕیارە هەریەك لە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی، بەرپرسانی هەرسێ بانكی رەشید- رافیدەین و TBI بێنە شاری سلێمانی.
بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە 20-2-2025 هەریەك لە عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی، بەرپرسانی هەرسێ بانكی رەشید- رافیدەین و TBI بێنە شاری سلێمانی، بەمەبەستی كردنەوەی ناوەندی نێودەوڵەتی دارایی لە سلێمانی، كەلەلایەن بانكی ناوەندیی عیراق مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، رایگەیاندووە:"خەسڵەتی ئەو ناوەندە نێودەوڵەتییە بەجۆرێکە، هەر بانکێک، بۆرسە یان بانکێکی وەبەرهێنان، بەگوێرەی ئەو رێکارانەی کە هەیە بۆ کردنەوەی لق، دەتوانێت لەنێو ئەو ناوەندەدا لق بکاتەوە."
شاد فیکرەت، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ناوەندی نێودەوڵەتیی بۆ دارایی و بازرگانی دەڵێ: "ئەمە یەکەمین ناوەندی نێودەوڵەتیی دارایی و ئابوورییە لە مێژووی هەموو عیراقدا، بۆ بنیاتنانی نێوەڕۆکەکەی سوود لە ناوەندە دارایی و ئابوورییەکانی، نیویۆرک، قەتەر و دووبەی وەرگیراوە." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
هاوكات رێبوار ئەورەحمان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: ئەوەی دەکرێتەوە لقی بانکەکانی رەشید و رافیدەین نییە، تەنها نووسینگەیەکە لە سەنتەرێکی دارایی لە سلێمانی. دەشڵێت:"کردنەوەی لقی بانکەکانی رەشید و رافیدەین وەستاوەتە سەر ئەوەی زەوی و بیناکانیان کە داگیرکراون بۆیان بگەڕێنرێتەوە."
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو ناوەندە داراییە هەنگاوێكی گرنگە بۆ جوڵەی دارایی لەسلێمانی و بۆرسەی ئاڵتون و سەرافی پلە یەكی تێدا دەبێت، هەروەك كردنەوەی ئەم ناوەندە هەنگاوێكە بە ئاراستەی كردنەوەی لقی هەر بانكێك لە ماوەكانی ئایندەدا بەتایبەت لقی بانكەكانی رەشیدو رافیدەین.